رووداو دیجیتاڵ
سەرۆك مەسعود بارزانی رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا رژێمی پێشووی عێراقی نەڕووخاندبا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەسەڵاتدارن، هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن. راشیگەیاند ئەوە ئەرکی پەرلەمانی عێراق نییە بڕیار لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بدات.
رۆژی چوارشەممە 14ـی شوباتی 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە دەیڤید برگەر، باڵیۆزی ئەمریكا بە وەكالەت لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە کە بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و، عێراقی فیدراڵ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕكراوە.
سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی بە شاندەکەی ئەمریکای راگەیاندووە "پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن."
سەرۆک مەسعود بارزانی گوتویەتی "نابێت بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پرۆسەی یاسادانانی هەرێم بدرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت."
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی سکاڵایەک لەسەر یاسای هەڵبژاردن لە دادگەی فیدراڵیی عێراق، دیار نییە کەی دەکرێت، سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند "پێویستە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بکرێن، نابێت بە بیانووی نادەستووری دەست لە پرۆسەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانییەوە وەربدرێت و نابێت كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان."
سکاڵاکەی سەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە، بڕیارە 18ـی ئەم مانگە بۆ جاری یازدەم دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی ئەو سکاڵایە کۆببێتەوە.
هەر بە بڕیاری ئەو دادگەیە رۆژی 15-11-2023، ئەندامیێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشایەوە، لەو کاتەوە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆکە.
سەرۆك مەسعود بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا خوازیاری ئەوەن پێكهاتەی سوننە بە لێكتێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا لەسەر بەربژێرێک رێكبكەون و هەموو لایەكیش هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
سەبارەت بە دۆخی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، سەرۆك مەسعود بارزانی گوتی "ئەم بابەتە پرسێكی نیشتیمانییە و پەیوەست نییە تەنیا بە پێكهاتەیەكی دیاریكراو و، دەبێت ئەم بابەتە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە و لە رێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەكانەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان بگەنە رێككەوتن و ئەنجام. دەبێ هەموو پێكهاتەكانی عێراقیش ئەو راستییە بزانن، كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارە."
هەر لەبارەی ئەم پرسەوە سەرۆك مەسعود بارزانی گوتی "پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی پرۆسەی دیالۆگ و رێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەركی پارلەمان نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق دەبێ دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و لێكەوتە و هاوكێشەكانی هەرێمایەتی."
لە دوای جەنگی غەززەوە، بە دیاریکراوی لە 17-10-2023 گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەزە، بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئەمریکاش چەند جارێک بە تووندی وەڵامی ئەو گرووپانەی داوەتەوە.
سەرۆک مەسعود بارزانی بە شاندەکەی ئەمریکای راگەیاندووە "هەموو لایەکیش باش دەزانن ئەگەر ئەمریکا رژێمی پێشووی نەڕووخاندبا و یارمەتیی عێراقییەکانی لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق نەدابا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەسەڵاتدارن، هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ