گەنجێک لە هەولێر بەبۆنەی ڤالانتاین ئۆتۆمبێلێکی مێرسیدس بێنز پێشکەشی خۆشەویستەکەی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

15 هەزار دۆلار لەنێو سندووقێکی پەمەیی لە دووکانێکی گوڵفرۆشی لە هەولێر، وەک دیاری بۆ رۆژی ڤالانتاین ئامادەکرا، بۆ ئەوەی نەریتەکەش نەشکێندرێت، پارەکە لەگەڵ گوڵ دەخەنە نێو سندووقێکەوە.
 
دەرباز گوڵفرۆشە لە هەولێر و دەڵێ بەڕاستی رۆژی 14ـی شوباتی 2024 جیاوازە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
 
دەرباز عەبدلرەحمانی گوڵفرۆش گوتی ئەمساڵ ریکۆردی شکاندووە، دیاری زۆر گرانبەها هێنراونەتە لای ئەو بۆ ئەوەی بۆیان بڕازێنرێتەوە. دەڵێ "ئەوانە کڕیاری ئێمەن و دەمانناسن، ئەوانەی دیارییان کڕیوە، هەیە بۆ دایکی، هەیە بۆ خوشکی هەیە بۆ خۆشەویستی یان هاوسەری، جیاوازن دیارییەکان." 
 
لەبەردەم دووکانێکی گوڵفرۆشی، وەک دیارییەکی جیاواز ئۆتۆمبێلێکی مێرسیدس بێنز ئامادە دەکرێت، پیاوێک بڕیاری داوە بە رازاندنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە وەک خۆی دەڵێ، کەسێکی ئازیزی ژیانی سوپرایز بکات.
 
سلاح  کۆسەر ئەو گەنجەیە کە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "هەرچەندە شتی گرانبەهاتریشی بۆ بکەم، هەر کەمە، بەڵام وەک ئەمساڵ، ئەوە گونجا پێشکەشی بکەم، بەپێی ئەوەی لەدەستت دێت، واتا ئەگەر گوڵێکیش بێت بۆ ئەو رۆژە وەک یاسایەکی جیهانی، جوانە، بەڵام ئەوەی بۆ من گونجا ئەوەیە؛ ئۆتۆمبێلێکم بۆ خۆشەویستەکەم کڕی لەگەڵ مۆبایل و ئەوانەی لەگەڵییەتی، پێشکێشی خۆشەویستەکەم دەکەم."
 
هەندێک لە هاونیشتمانیان پارەی زۆر بە گوڵ دەدەن. یەكێک لە گوڵفرۆشەکان دەڵێت، "کڕیارمان هەبووە گوڵی دیاریی کڕیوە کە نرخەکەی گەیشتووەتە 20 ملیۆن دینار."