رووداو دیجیتاڵ
بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، ساڵانە ملیۆنان دۆلار بۆ هاوردەکردنی گوڵ دەبرێتە دەرەوە. گوڵفرۆشێک دەڵێت، بەهۆی ڤالانتاینەوە یەک ملیۆن گوڵی هاوردەکردووە و ئێستا نرخی گوڵیش بووە بە دوو هێندە.
شەهد عەبدولعەزیز ناسراو بە شەهد گوڵفرۆش، بازرگانی گوڵە و دەڵێت، تەنیا بۆ ڤالانتاین یەک ملیۆن گوڵی هاوردە کردووە.
شەهد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرچاوەی سەرەکیی هاوردەکردنی گوڵ بۆ هەرێمی کوردستان وڵاتی کینیایە، پاشان ئیکوادۆر، هۆڵەندا و بەشێکیش لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.
ئەو گوڵفرۆشە ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵانە ملیۆنان دۆلار پارە بۆ گوڵ لە هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە دەرەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەفتانە نزیکەی 300 هەزار گوڵ دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان."
شەهد گوڵفرۆش لەگەڵ کارکردن بە کۆفرۆشی، دووکانی گوڵفرۆشتنیشی لە شاری هەولێر و هەیە. دەڵێت، بەهۆی ڤالانتاینەوە نرخی گوڵ دوو هێندە بەرزبووەتەوە و ئەوەش تەنیا لە کوردستان نییە و لە سەرچاوەیەکەیەوە بەو جۆرەیە.
14ی شوباتی هەموو ساڵێک، کە ئەم ساڵ دەکاتە ئەمڕۆ چوارشەممە، رۆژی ڤالانتاین یان رۆژی خۆشەویستییە. ئەو گوڵەی بۆ ڤالانتاین بە دیاری دەدرێت گوڵی سوورە. هەندێکجار دیارییەکان تەنیا گوڵ نین و خۆشەویست و هاوژینەکان زۆر شتی گرانبەها دەکەنە دیاری بۆ یەکدی.
لە رۆژی خۆشەویستیدا نرخی گوڵیش بەرزدەبێتەوە، بە گوتەی ئەو بازرگانە، "پێشتر چڵی گوڵی سوور سێ هەزار دینار بوو؛ ئێستا بووە بە پێنج هەزار دینار."
هەندێک لە هاونیشتمانیان پارەی زۆر دەدەن بە گوڵ بۆ دیاری، گوڵفرۆشەکە دەڵێت، "کڕیاریمان هەبووە گوڵی دیاری کڕیوە نرخەکەی گەیشتووەتە 20 ملیۆن دینار."
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیار نییە بە وردییەکەی ساڵانە بە بەهای چەند گوڵ هاوردە دەکرێت. ئەوەی هەیە لە زۆر وڵاتی ئەوروپا بەتایبەت لە هۆڵەنداوە هاوردە دەکرێت. هەروەها وڵاتانی ئێران و تورکیاوە گوڵ هاوردە دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ