گۆرانیبێژێکی کورد "ناچار دەکرێت" داوای لێبووردن لە سوپای پاسداران بکات


رووداو دیجیتاڵ

بابەک محەممەدی، گورانیبژی کوردی دانیشتووی سنە دوای ئەوەی گۆرانییەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و لە بەشێکیدا ناوی سوپای پاسداران دەهێنێت، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەرکرا و ناچارکرا لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا داوای لێبووردنیان لێ بکات.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا گۆرانییەکی بابەک محەممەدی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی خەڵکی سنە لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە کە تێدا ناوی سوپای پاسداران دەهێنێت. لە بەشێکی گۆرانییەکەدا، بابەک محەممەدی "پەسنی کچێکی کورد دەدات و سوپای پاسداران دەکاتە قوربانی کچەکە."
 
بابەک محەممەدی، بەهۆی ناوهێنانی سوپای پاسداران لەنێو گۆرانییەکەیدا و بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سوپای پاسداران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستگیر دەکرێت و ناچار دەکرێت لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا داوای لێبووردن لە سوپای پاسداران بکات.
 
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، میدیای سەر بە سوپای پاسداران لەوبارەیەوە نووسیویەتی، "لە چەند رۆژی رابردوودا ڤیدیۆکلیپێکی بابەک محەممەدی، گۆرانیبێژی کوردی سنەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا بەشێوەیەکی ناژیرانە هەندێک وشەی گاڵتەجاڕانەی بەکارهێنا و کاردانەوەی زۆری بەدوایدا هات."
 
میدیای سەر بە سوپای پاسداران هەروەها دەڵێت، ئەو گۆرانیبێژە ئێستا پەشیمان بووەتەوە و داوای لێبووردن دەکات، هەروەها تۆمارێکی ڤیدیۆییشی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا بابەک محەممەدی بە زمانی کوردی قسە دەکات و بەهۆی ناوهێنانی سوپای پاسداران لە گۆرانییەکەیدا داوای لێبووردن دەکات.
 
لە تۆمارە ڤیدیۆیەکەدا، بابەک محەممەدی دەڵێت: "چەند رۆژ پێش ئێستا کلیپێک بەو ناوەڕۆکەوە بڵاوکرایەوە لە ئینستگرام کە من سوکایەتیم کردبێ بە سوپای پاسداران، ئێمە لە رێوڕەسمێکدا گۆرانییەکمان خوێند، هەڵەیەکمان کرد، داوای لێبووردن دەکەم، هیچ نیاز و ئامانجێکی خراپم نەبوو بە هیچ ئۆرگان و رێکخراوێک و بەتایبەتی سوپای پاسداران. ئەو کارەش دووبارە ناکەمەوە، هیوادارم لێم خۆشبن. بۆ ئاسایشی ئەمڕۆی وڵاتەکەمانیش قەرزاری پاسدارانین."