گوندێکی عەفرین تۆپباران کرا؛ هاونیشتمانییەک کوژرا و یەکێکی دیکە برینداربوو


رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی گوندێکی سنووری عەفرین، دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
 
ئیبراهیم شێخۆ، مافناس و گوتەبێژی پێشووی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ئەمڕۆ چوارشەممە 14-2-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، گوندی بێنێی هەرێمی عەفرین تۆپباران کراوە و لە ئەنجامدا سەربازێکی سوپای سووریا و هاونیشتمانییەکی سڤیل کوژراون. 
 
ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، تۆپبارانەکە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە کراوە و هاونیشتمانییەکیش برینداربووە. 
 
سەرەتای ساڵی 2018 سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای دوو مانگ لە شەڕکردن، کۆنترۆڵیان کرد. لەو کاتەوە ژمارەی دانیشتووانی کورد لە کەمبوونەوەدایە و ژمارەی عەرەبی هاوردە لە زیادبووندایە.
 
ئیبراهیم شێخۆ دەڵێت، تۆپبارانەکە لە رێگەی زیاتر لە 10 گوللـە تۆپەوە کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە ناوی جوان عیزەت ئەسوەد، تەمەن 36 ساڵانە کە باوکی پێنج منداڵ بووە. بریندارەکەش ناوی عەدنان عیسۆ کتۆی تەمەن 39 ساڵانە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، بۆ نەخۆشخانەی ئاڤرین لە ناوچەی شەهبا گوێزراوەتەوە.
 
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، هەر لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا سەربازێکی سوپای سووریاش بە ناوی عەلی مەنهەل کوژراوە.