رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، مانگی ئاداری ئەمساڵ پرۆسەى پێشکێشکردن بۆ خوێندنى ماستەر، دکتۆرا و دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14-02-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا گوتی، "دواى تەواوبوونى ئامادەکارییەکان لە داهاتووییەکى نزیکدا قۆناخبەندیى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە رووەکانى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن رادەگەیێندرێت."
ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتی خوێندی باڵا دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ سێشەممە ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بریکارى وەزارەتەکە، راوێژکار، بەڕێوەبەرانى گشتیی فەرمانگەکانى وەزارەت لەبارەی "هەڵسەنگاندنى پلانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا" کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، "بەوپەڕى لێپرسراویەتییەوە لە رابردوو و داهاتوودا کاردەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافیەت لە پرۆسەى خوێندنى باڵادا، بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى تەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێنین."
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا:
ئەمڕۆ سێشەمە رێکەوتى (2023/2/14) بە سەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى فەرمانگەکانى وەزارەت، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنى پلانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا بەڕێوەچوو و بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا دەستپێبکات.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە، پلان و کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەیە باشتر زانکۆکان خۆیان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە قۆناخەکانى دەستپێکردنى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) کرد و رایگەیاند: بەو پەڕى لێپرسراویەتییەوە لە رابردوو و داهاتودا کاردەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافیەت لە پرۆسەى خوێندنى باڵادا، بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى رەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێنین.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بەشێوەیەکى ورد پلانى خوێندنى باڵاى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى لەبارەوەو کراو لە ئەنجامدا بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێبکات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیدەگەیەنێت، دواى تەواوبوونى ئامادەکارییەکان لە داهاتوییەکى نزیکدا قۆناغ بەندى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە رووەکانى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن ڕادەگەیەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ