قایمقامی دەربەندیخان: دەبێت تاوەکو 10 رۆژی دیکە کارکردن لە پاڵاوگەی ئاوی شارەکە دەستپێبکاتەوە

14-02-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ تیمی قوباد تاڵەبانی بەڵێنیان پێداون "بە زووترین کات" سولفەی دووەمی کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان خەرجبکەن بۆ ئەوەی تاوەکو 10 رۆژی دیکە دەستبەکارکردن بکەنەوە. یەکێک لە دەستەی راوێژکارانی گردبوونەوەکەی دەربەندیخانیش دەڵێت: "لە گردبوونەوەکەمان بەردەوام دەبین، چونکە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەستنەگەیشتووە."
 
رۆژی 1ی ئەم مانگە، هاونیشتمانییانی دەربەندیخان دەستیان بە گردبوونەوە کرد و داواکاری سەرەکییان دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کارەبایە. بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان رۆژی 6ـی شوبات، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی زەوییەک بە 20 ملیۆن دۆلاردا بۆ ئەوەی بەشێک لەو بودجەیە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان خەرجبکرێت.  
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە رووداوی گوت، بۆ جێبەجێکردنی داواکاری هاونیشتمانییانی دەربەندیخان لەگەڵ تیمی قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە، بەڵێنیان پێدراوە سەرەتای مانگی ئادار سولفەی دووەمی کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان کە 4 ملیۆن و 722 هەزار دۆلارە خەرجبکەن. 
 
ئەو قەزایە گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانرا، بەڵام لەبەر خەرجنەکردنی تەواوی بودجە، کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرتووە.
 
لەبارەی دەستبەکاربوونی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان، سلێمان محەممەد گوتی: "پێویستە کۆمپانیای جێبەجێکار لە ئەمڕۆوە تاوەکو 10 رۆژی دیکە دەست بەکارکردن بکەنەوە."
 
بودجەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان 19 ملیۆن دۆلارە و تائێستا تەنیا یەک سولفە کە چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجکراوە و بەو بودجەیە 55٪ی کارەکانیان تەواو کردووە. 
 
لەبارەی کێشەی کارەبای ئەو قەزایە، قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، ئێستا نزیکەی 10 کاژێر کارەبایان هەیە و بڕیاردراوە لە ئەمڕۆوە دوو کاژێر کارەبا زیادبکرێت. 
 
هاوکار قادر، یەکێک لە دەستەی راوێژکارانی گردبوونەوە و ناڕەزایی هاونیشتمانییانی دەربەندیخان بە رووداوی گوت: "گردبوونەوەکەمان بەردەوام دەبێت، چونکە تائێستا هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەستنەگەیشتووە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.