پۆلیسی هەولێر: ژنێک رەنگی قژ و چاوی دەگۆڕێت و دزی لە شەش زێڕەنگر دەکات

14-02-2022
راوچی حەسەن @Rawchihasan
ئەو ژنەی کە پۆلیسی هەولێر دەستگیریکردووە
ئەو ژنەی کە پۆلیسی هەولێر دەستگیریکردووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە عەنکاوە و نێو شاری هەولێر پۆلیس کەسێکی دەستگیرکردووە کە رەنگی چاو و قژی گۆڕیوە و دزی لە چەند زێڕەنگرێک کردووە. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، ژنەکە عەرەبە و خەڵکی سووریایە. 
 
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئافرەتێکیان دەستگیرکردووە کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا شەش جار دزیی لە زێڕەنگرەکانی هەولێر کردووە .
 
موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەیەک بەر لە ئێستا چەند زێڕەنگرێک لەنێو شاری هەولێر ئاگاداریان کردینەوە کە زێڕیان لێدزراوە، دواتر هێزەکانمان بەدواداچوونیان کرد و دیاربوو ژنێک لە عەنکاوە چەند جارێک دزیی کردبوو و لەنێو شاری هەولێریش جارێک دزیی لە زێڕنگرێک کردبوو. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت " هێزەکانمان دوای بەدواداچوونی ورد دەرکەوت کە ئەو ئافرەتە بە دوو شێواز خۆی گۆڕیبوو، شێوازی قژ و چاوی گۆڕیبوو، دواتر بۆمان دەرکەوت کە کەسێکە ئەو کارە دەکات."
 
هۆگر عەزیز ئاماژە بەوە دەدات کە دواتر شوێنی ماڵی ئافرەتەکەیان دۆزیوەتەوە و دەستگیریان کردووە. دەشڵێت " لە ماوەی کەمتر لە مانگێک ئەو کارەی کردووە، ژنەکەش عەرەبە و خەڵکی سووریایە و ماوەیەکە بۆ سەردان هاتووەتە هەولێر."
 
تەمەنی ژنەکە 21 ساڵە و کەسوکارەکەی لە سووریایە، هۆگر عەزیز رایدەگەیێنێت، لە شەش شوێن دزیی کردووە و جارێ نازانین کە بڕی زێڕەکە چەندە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەو بڕە زێڕەی کە دزیویەتی بە بەهای 10 ملیۆن دینارە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، جارێ ئەوە نەزانراوە. 
 
پۆلیسی هەولێر لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بۆی دەرکەوتووە کە ئەو ژنە ئەو دزییانەی کردووە، هادی سەلیمی ئاماژە بەوە دەدات پۆلیس هۆشداریی دەداتە دووکاندارەکان کە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و کامێراکانیان بە باشی کار بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە