یەکێتیی مامۆستایان داوای روونکردنەوە لە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەکات

14-02-2022
گۆڤەند مستەفا
شەهیان تەحسین، بێژەر و پێشکەشکاری کەناڵی رووداو و عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان
شەهیان تەحسین، بێژەر و پێشکەشکاری کەناڵی رووداو و عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەکات، روونکردنەوە لەسەر ئەو گوتانەی بدات، کە لە بارەی مامۆستایانی ئافرەت کردوونی و دەڵێت :"لە رێگەی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین".
 
قسەکانی مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، کە لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا بەشێکی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، کاردانەوە و ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە. 
 
لەو بەشەی بڵاوکراوەتەوە مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: "یەکێک لە قوڕبەسەریەکانی کەرتی پەروەردە ئەوەیە 61%ی مامۆستایانی پەروەردە ئافرەتانن".
 
عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ی کەناڵی رووداودا کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات رایگەیاند: "راستە مامۆستایانی ژن لەنێو ناوەندەکانی خوێندندا مۆڵەتی دایکایەتی وەردەگرن، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەی یاسادا رێکخراوە و مافێکی یاسایی خۆیانە. ئەگەر حاڵەتانە هەشبێت هەرگیز نابێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەمە بە قوڕبەسەری بۆ پرۆسەی پەروەردە لێکبدرێتەوە".
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا ئەوان لەگەڵ ئەو جۆرە ئاخاوتنەی مامۆستا دڵشاد عومەر نین و پێویستە مامۆستا دڵشاد روونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە بدات، وەکو یەکێتیی مامۆستایانیش لە رێگەی لقی سلێمانی یەکێتییەکەیانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن.
 
عەبدولواحید محەممەد گوتی: "وەزارەتی پەروەردە خۆی بەشێوەیەکی یەکسان داکۆکیکاری مامۆستایانی ژن و پیاوە، بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردەش قسەی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت، بێگومان ئێمەش وەکو یەکێتیی مامۆستایان قسەمان دەبێت لەسەر ئەو بابەتە. قبووڵیشمان نییە بەهیچ شێوەیەک قسەی لەو شێوەیە بکرێت، بە بوونی مامۆستای ژن قوڕبەسەری بێت بۆ پرۆسەی پەروەردە".
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان داوا لە مامۆستا دڵشاد عومەر دەکات: "روونکردنەوە بدات، بۆ ئەوەی ئەو نیگەرانیانەی دروستبووە لەلایەن رێکخراوەکانی تایبەتمەند بە بواری مافی ژنان و ئافرەتانەوە بۆ ئێمەش بڕەوێتەوە، روونی بکاتەوە کە مەبەستی چی بووە. ئەگەر بۆ هەر مەبەستێکیش ئەو قسەیەی کردبێت بۆ ئێمە مایەی نیگەرانی و جۆرێک لە کەمکردنەوەی رۆڵی رەگەزی مێیە لەنێو ناوەندەکانی خوێندندا".
 
وا بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی روونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە بدات.
 
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە ئاگادارینامەکەیدا کە ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، رێکخراوەکانی یەکێتی ژنان، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، یەکگرتووی خوشکان و رێکخراوەکانی دیکەی کردووە، بانگهێشتیان دەکات، کە رۆژی سێشەممە 15-02-2022 کاتژمێر (11) ی سەر لە بەیانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئامادەبن، بۆ روونکردنەوە و خستنەڕووی بەڵگەکان لەسەر ئەو لێدوانەی کە بەناوی بەڕێوەبەری گشتییەوە بڵاوکراوەتەوە و "لێی بڕاوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە