لەسەر میراتی شێخەکەیان، شوێنکەوتووانی تەریقەتێک لە سەمسوور دەبێتە شەڕیان

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی کۆلیک سەر بە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان، شوێنکەوتووانی تەریقەتی مەنزیل لە حەوشەی مزگەوتدا بووە شەڕیان و هێرشیان کردە سەر یەکدی.
 
رووداوەکە رۆژی دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025 لە گوندی مەنزل سەر بە شارۆچكەی کۆلیک روویدا. 
 
لایەنگرانی وەقفی سەمەرقەند کە زۆربەی ماڵ و موڵکی تەریقەتەکە لەسەر ئەو ناوە تاپۆ کراوە، ویستیان دەست باڵەخانەیەک لە حەوشەی مزگەوتی مەنزل دروست بکەن، بەڵام لایەنگرانی وەقفی سەرهەندی و محەممەد ساکی ئەرۆڵ، کوڕی عەبدولباقی ئەرۆڵ، سەرۆکی پێشووی تەریقەتی مەنزل کە لە دوای مردنی باوکی بووەتە سەرۆکی ئەو تەریقەتە رێگرییان لێ کردن. 
 
لەسەر ئەوە دەمەقاڵێ و گرژی لە نێوان لایەنگرانی وەقفی سەمەرقەند و لایەنگرانی وەقفی سەرهەندی سەریهەڵدا و هەردوولا هێرشیانکردە سەر یەکدی و ژمارەیەک لە شوێنکەوتووانی تەریقەتەکە بریندار بوون. دواتر تیمی جەندرمە رەوانەی گوندەکە کران.
 
راغب ئەلحوسەینی گوتەبێژی وەقفی سەرهەندی و کوڕی محەممەد ساکی ئەرۆڵ سەرۆکی ئێستای تەریقەتی مەنزل گوتی، "نامەوێت کەس دەستوەردان بکات، پەنابەخوا دەوڵەتەکەمان ئەوەی پێویست بێت دەیکات. با هەمووان ئارام بن".
 
دوای مردنی عەبدولباقی ئەرۆڵ، سەرۆکی پێشووی تەریقەتی مەنزل لە 12ـی تەمموزی 2023، محەممەد ساکی ئەرۆڵ کە کوڕە گەورەی سەرۆکی پێشووی تەریقەتی مەنزل ـە ئاماژەی بەوەداوە، باوکی داوای لێکردووە ببێتە رابەری تەریقەتی مەنزل و بوو بە جێنشینی باوکی. 
 
هەر سێ کوڕەکەی عەبدولباقی ئەرۆڵ، محەممەد ساکی ئەرۆڵ و موبارەک ئەرۆڵ و فەتاح ئەرۆڵ بەهۆی دابەشکردن و بەڕێوەبردنی موڵک و ماڵی تەریقەتەکە، چەند جارێک کێشە و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا روویداوە و  لە رێگەی میدیاکانەوە یەکدی تۆمەتبار دەکەن.
 
وەقفی سەمەرقەند کە وەقفی تەریقەتەکەیە لەژێر کۆنترۆڵی موبارەک ئەرۆڵ ـدایە، محەممەد ساکی ئەرۆل کە کوڕە گەورەیە و ئێستا وەک جێنشینی باوکی کاردەکات، وەقفی سەرهەندی دامەزراند. 
 
ئەو تەریقەتە لە ساڵی 2010 دا کاتێک ریفراندۆم بۆ هەمواری دەستوور لە تورکیا کرا، شوێنکەوتووانی خۆی راسپارد دەنگ بە "بەڵێ" بدەن، هەروەها لەو هەڵبژاردنانەشدا کە دواتر کران، بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ ئاکپارتی دەربڕی. 
 
گول باڵجی، پسپۆڕی بواری پەروەردەیی كە لە ساڵی 2018 توێژینەوەیەكی مەیدانی لەبارەی گرووپە ئایینییەکان كردووە، مەزەندە دەکات 30 گرووپی ئایینی لە تورکیا ھەبن و دوو ملیۆن و 600 ھەزار مورید و 445 تەکیەیان ھەبێت. بەشێک لەو گرووپانە لە شارەکانی باکووری کوردستان چالاکن.
 
هەندێک لەو گرووپە ئایینییانە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگیری دەکرێن و دەزگای میدیایی گەورە و پرۆژەی وەبەرهێنانیان هەیە، زۆرجاریش لەلایەن دەوڵەتەوە لە دژی کورد پشتگیریان کراوە، لەوانەش گرووپی مەنزڵییەکان، کە گرووپێکی سەر بە تەریقەتی نەقشبەندین.
 
هەرچەندە، گرووپەکان لە تورکیا پەیوەندی شاراوە و قووڵیان لەگەڵ دەوڵەتدا ھەبووە و ھەندێکیان بە دەستی دەوڵەت دامەزراون، بەڵام ھەمیشە ئەو ترسە ھەیە کە ئەم گرووپانە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دەربچن و زۆر بەھێزبن. وەکو گرووپی فەتحوڵلا گولەن کە ئێستا لە تورکیا خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.
 
بە گوێرەی توێژینەوەکەی پرۆفیسۆر گول باڵجی،  لە تورکیا 800  قوتابخانەی کارای ئایینی ھەن، کە زۆربەیان لە باکووری کوردستانن. هەروەها لە تورکیا 10 ھەزار و 53 قوتابخانەی تایبەت ھەن، کە سێیەکیان سەر بە کۆمەڵە ئاینییەکانن و زیاتر لە 200 ھەزار منداڵ، مێرمنداڵ و گەنج لەو قوتابخانانەدا دەخوێنن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە