رووداو دیجیتاڵ
راکان جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک سکاڵایەکى دیکە لە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک تۆمار دەکات، کە تایبەتە بە کۆبوونەوەى سێیەمى ئەنجوومەنى پارێزگا و لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگار هەڵبژێردرا.
بە گوێرەى سکاڵانامەکە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، راکان جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى هاوپەیمانیی عەرەبی سکاڵاکەى لە دادگەى کارگێڕى لە دژى هەریەک لە محەممەد حافز، سەرۆکى ئەنجوومەن و رێبوار تەها، پارێزگارى کەرکووک تۆمار کردووە.
راکان جبوورى کە پێشتر پارێزگارى کەرکووک بوو بە وەکالەت، داواى کردووە هەموو ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێندرێتەوە کە لە کۆبوونەوەى ژمارە سێى ئەنجوومەنى پارێزگا دەرکراون.
رۆژی 10ـی ئابى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێی هەڵبژارد.
ئەو رۆژە دوو کۆبوونەوە کرا، کۆبوونەوەى ژمارە دوو تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەن، لە کۆبوونەوەى ژمارە سێشدا پارێزگار هەڵبژێردرا.
راکان جبوورى پێشتر سکاڵایەکى لە دادگەى کارگێڕى تۆمارکردبوو لە دژى کۆبوونەوەى ژمارە دووى ئەنجوومەنەکە، کە بڕیارە 22ى کانوونى دووەمى 2025 جارێکى دیکە لە بارەیەوە کۆببێتەوە.
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "یەکەم دانیشتنى سکاڵا نوێیەکەى راکان جبوورى لە 12ى کانوونى دووەمى 2025 کرا، لەسەر داواى ئەوان بۆ 22ى هەمان مانگ دواخراوە."
پێنج، سکاڵا لە دژى ئەو کۆبوونەوەیە پێشکێش بە دادگەى کارگێڕى کرابوون، سێ سکاڵا لەلایەن ئەندامانى هاوپەیمانیى عەرەبی، سکاڵایەکی فراکسیۆنەکانى بەرەى تورکمانى و سکاڵایەکی پارتى دیموکراتى کوردستان، سکاڵاکان لەدژى کۆبوونەوەى ژمارە دووى ئەنجوومەن بوون.
10ى تشرینى یەکەمى 2025 سکاڵاکەى پارتى رەتکرایەوە و چوار سکاڵاکەی دیکەش لەلایەن دادگەى کارگێڕییەوە بۆ بڕیاردان دواخران بۆ 22ى کانوونى دووەمى 2025.
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، پاساوى راکان جبوورى بۆ ئەو سکاڵایەى لەسەر دانیشتنى ژمارە سێى ئەنجوومەن، ئەوەیە کە ئەندامەکان بە فەرمى ئاگادار نەکراونەتەوە بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە و ئەو ئاگادارییەى پێشتر پێیان گەیشتووە بۆ دانیشتنى ژمارە دوو بووە.
11ى تەمووزى 2024، یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە سەرۆکایەتیى راکان جبوورى وەک سەرۆکى تەمەنى ئەنجوومەنەکە کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ