رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان دەڵێت، بە هاوبەشیی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ کەسیان دەستگیر کردووە کە دەستیان لە بەقاچاخبردنی خەڵک بۆ بەریتانیا هەبووە.
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان (NCA) رایگەیاند، "ئەو گرووپەی دەستگیرکراون پەیوەندییان بە تۆڕەکەی ئامانج حەسەن زادەوە هەیە."
ئامانج حەسەن زادە دانیشتووی شاری پرێستنی بەریتانیا بوو، 8ی نۆڤەمبەری رابردوو دادگەیەکی بەریتانیا بە تاوانی بردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە بە 17 ساڵ بەندکردن سزای دا.
ئەو هاونیشتمانییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە "باشترین قاچاخچییە" و چەندین کۆچبەریش لەنێو بەلەم گرتە ڤیدیۆیان بڵاوکردبوویەوە و تێیدا ستایشی ئامانجیان دەکرد.
ئاژانسە بەریتانییاکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیر کراوە خەڵکی پارێزگای سلێمانییە، تەمەنی 38 ساڵە و بەوە تۆمەتبارە کە لەگەڵ تۆڕێک هاوئاهەنگیی کردووە کە خەڵکیان بە بەلەم لە یۆنانەوە گەیاندووەتە ئیتاڵیا.
یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان هەر خەڵکی سلێمانییە، تەمەنی 40 ساڵە و پارەی لەو کۆچبەرانە وەرگرتووە کە ئامانج حەسەن بۆ وڵاتانی ئەورووپا بردوونی.
تۆمەتبارەکەی دیکە لە سییەکانی تەمەنیدایە و خەڵکی پارێزگای سلێمانییە و بەوە تۆمەتبارە، "خەڵکی بۆ تۆڕەکەی ئامانج حەسەن کۆکردووەتەوە."
تۆمەتبارەکان لە چەند هەڵمەتێکی جیاواز لە 8 تاوەکو 12ی ئەم مانگە دەستگیر کراون و لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنیاندا چەند ئەفسەرێکی ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەەی تاوان بەشداربوون.
ئاژانسە بەریتانیەکە باس لەوەش دەکات، "ئەوە یەکەمجارە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایشی هەولێر و سلێمانی بۆ بەئامانجگرتنی قاچاخچییان کار دەکات."
بەگوێرەی ئاژانسە بەریتانییەکە، "سێ تۆمەتبارەکە بە دەستبەسەرکراوی دەمێننەوە، بە تۆمەتی قاچاخچێتی کردن بە مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
رۆب جۆنس، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاژانسی نیشتیمانیی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان دەڵێت، "پێشتر ئەوان [قاچاخچییەکان] وا بیریان دەکردەوە کە دەستمان پێیان ناگات، بەڵام بە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق نیشانمان دا کە ئەو شتە چیدیکە راست نییە و، قاچاخچییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
مارتن کلارک کە یەکێکە لەو ئەفسەرە بەریتانییانەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە دەڵێت، "هاوئاهەنگییەکی زۆر باشمان لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایشی هەولێر و سلێمانی هەبوو و دەمەوێت سوپاسیان بکەم."
ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "حەوت هەفتە پێش ئێستا وەک بەشێک لە پلانی حکومەت بۆ گۆڕانکاری، رێکەوتنە گرنگەکەی بەریتانیام سەبارەت بە هاوئاهەنگی جێبەجێکردنی یاسا و ئاسایشی سنوور لەگەڵ عێراق واژۆ کرد و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوومەوە."
کووپەر دەشڵێت: "ئەو باندە تاوانکارییانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق کار دەکەن، رێز لە سنوورەکان و دەسەڵاتی دادوەری ناگرن؛ هەر لەبەر ئەوەشە گرنگە بەریتانیا لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت."
ئەو کارە هاوبەشەی دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، رۆژی 28-11-2024 وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی هاوبەشی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و باندە تاوانکارییەکان، کە لە ناوچەکە و ئەورووپا کاردەکەن، واژۆ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ