رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە هەولێر بە دیلیڤەری داوای مۆبایلی کردووە، بەڵام لەبری ئەوە کلێنس و کاخەزی بۆ براوە. پۆلیسی هەولێر دەڵێت، کەسی فێڵکەریان دەستگیر کردووە.
رۆژی سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە لە رێگەی پەیجی ئۆنلاینەوە داوای پێنج مۆبایلی جۆری ئایفۆنی کردووە بە بڕی پێنج هەزار دۆلار. ئەو هاووڵاتییە پارەکەی داوە و دواتر کەسی پارەوەرگر رایکردووە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هاووڵاتییەکە لەکاتی وەرگرتنی داواکارییەکەی بە دیلیڤەری، لەجیاتی مۆبایل، کلێنس و کۆمەڵێک کاخەزی وەرگرتووە و فێڵی لێکراوە."
پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "تیمەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر توانییان لە ماوەیەکی کەمدا شوێنی تۆمەتبار بدۆزینەوە و دەستگیری بکەین. تۆمەتبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دراوەتە دادگە."
کارازان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕێک لە رێگەی پەیجی ئۆنلاینەوە لەبری مۆبایل، کلێنسی بە هاووڵاتییەک فرۆشتووە. تۆمەتبار لەبەردەم خواردنگەی تودەی لە هەولێر پارەکەی وەرگرتووە و جانتەکەی پێداوە و رایکردووە."
بە گوتەی کارزان ساڵح، تۆمەتبار خەڵکی شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستانە و ماوەیەکی زۆرە لە هەولێر دادەنیشێت، لەدایکبووی ساڵی 1998ە و پێشینەی تاوانی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ