هیچ گەڕەکێکی سنووری 13 شارەوانیی گەرمیان وێستگەی ئاوی قورسیان نییە
رووداو - کەلار
ئاوی قورسی دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە کەلار راستەوخۆ بەکاردەهێندرێت بۆ کشتوکاڵ کردن، پڕۆژەکان هێشتا وێستگەی ئاوی قورس یان رێڕەوێکی تایبەتیان نییە، ئاوەکە دەڕژێتە ئەو جۆگانەی باران دروستی کردوون، جووتیارانیش بۆ گەنم و جۆ بەکاریدەهێنن.
عەبدلومەتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆی گەرمیان و شارەزای ژینگە لەوبارەیەوە دەڵێت، "مەترسیەکی زۆر دروست دەکات لە کشتوکاڵ، چونکە بەپیتیی خاک لەدەستدەدات، هەروەها ئەو کۆمەڵە مادە ژەهراوییە، ئەو مادانەی کە میتاڵی قورسە، لەناو خاک دەمێنێتەوە و کواڵیتی خاک لەدەستدەدات. هەندێکی دەگوازرێتەوە بۆ رووەک و ئەویش کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر تەندروستیی مرۆڤ ئەگەر بەکاریبهێنێت."
ئاوی قورسی زۆرینەی پرۆژەکان هیچ رێڕەوێکی بۆ نەکراوە، وەکو چارەسەر چاڵێکی قووڵ دروستکراوە بۆئەوەی کۆبکرێتەوە؛ شارەوانیی کەلار، وەکو نموونە لە یەک پرۆژەی نیشتەجێبوون وێستگەی چارەسەری ئاوی قوورسیان جێبەجێ کردووە.
ئهكرهم ساڵح، سهرۆكى شارهوانیى قهزاى كهلار گوتی، "ئێمە هەموو ئاوەڕۆی شاری کەلارمان بە یەک ئاراستە خستووەتە سەر یەک هێڵ و شوێنیشمان بۆ دیاریکردووە، لە خوارووی ئەو شوێنەی بڕیارە یەکەی چارەسەری ئاوی قورسی بۆ دابنێین، پرۆژەیەکی کشوکاڵیی زۆر باش هەیە، کە جۆگەیەکی ئاودێریی هەیە و دەتوانیت بۆ ئەو پرۆژە کشتوکاڵییانە بەکاربهێنین."
جگە لە گەڕەکەکانی ناو شار، کە راستەوخۆ ئاوی قورسیان تێکەڵ بە رووباری سیروان دەکرێت، ئەو گەڕەکە نوێ و پرۆژەی نیشتەجێبونانەش کە کەرتی تایبەت دروستیان دەکات، چارەسەری ئاوی قورسی نێو پرۆژەکانیان ناکەن.
چۆمان فەتاح، گوتەبێژی بهڕێوەبهرایهتیى وهبهرهێنانى گهرمیان رایگەیاند، "هەر کۆمپانیا یان وەبەرهێنێک خوازیاری ئەوەیە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی وەبەرهێناندا وێستگەی ئاوی قورسی نێو پرۆژەکان دابنێت، ئێمە لەگەڵیدا هەماهەنگ دەبین و دەمانەوێت پرۆژەیەکی لەم شێوەیە لە گەرمیان هەبێت، چونکە ئەم پرۆژەیە سوودێکی بازرگانی و ژینگەییشی بۆ ناوچەکە دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک نەهاتووەتە پێشەوە."
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە 13 شارەوانی پێکهاتووە، هیچ گەڕەکێک لە شارەوانییەکە وێستگەی ئاوی قورسی تێدا نییە، بە شێوەیەکی نازانستی تێکەڵ بە رووباری سیروان و دۆڵ چەمە وەرزییەکان دەکرێت.