رووداو - کەرکووک
سەدان پەلەوەرخانەی سنووری پارێزگای کەرکووک بەهۆی رێگرییەکانی سوپای عێراقەوە ناتوانن بەرهەمەکانیان بگەیێننە نێو شار یان هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی بکەن. خاوەنی پەلەوەرخانەیەک لە دوو قۆناغ پێگەیشتنی مریشکی زیندوو، بەهۆی ئەو رێگرییانەوە 60 ملیۆن دینار زیانی بەرکەوتووە.
مستەفا عیزەدین، خاوەنی پەلەوەرخانە دەڵێت، "ناهێڵن مریشکەکانمان بار بکەین و وەکو ئەو خەڵکە بینێرین بۆ بەغدا و ناو شاری کەرکووک. خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر هاتوون بە پیکاپ و نرخێکی کەمتر بردوویانە. رەوایە من پەلەوەرخانەکەم بەشێکە لەناو کەرکووک، بەڵام ناهێڵن مریشک ببەمە ناو کەرکووک؟!"
رێگرییەکان تەنیا لە پەلەوەر نییە، بەڵکو لە هێنان و بردنی مەڕ و بەرخ و ئاژەڵیشە. لە بازگەکانەوە تەنیا رێگە بە تێپەڕبوونی 10 سەر مەڕ و بۆ ئاژەڵی گەورەش 3 سەر ئاژەڵ دەدرێت؛ بۆ هێنانی ئالیکیش ئاژەڵداران سەرئێشەی زۆریان بۆ دروست دەکرێت.
ئەیاد نەسرەدین، خاوەن مەڕ و ماڵات ئاماژەی بەوە کرد، "10 مەڕم بردووە، 7 بەرخیان لەگەڵدا بووە، پێیان گەڕاندوومەتەوە و پێیان گوتووم دەبێت ژمارەیان 10 بێت. رێگری لە هەموو شتێک دەکەن، لە دەخڵودان، لە پەینی کیمیایی و لە ماڵات."
لە بەرامبەر ئەو رێگریانەدا مەڕدار و خاوەن پەلەوەرخانەکان سکاڵایان گەیاندووەتە لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەن و پارێزگا. لیژنەی ئەمنی لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندان، بەڵام تائێستا بەردەوامە.
نەشئەت شاهوێز، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان قسەمان کردووە و بەڵێنی پێداوین ئەوە چارەسەر ببێت، زانیاریمان هەیە کە یەک دوو کەسێکیش لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر ئەو بابەتە."
رێگریی بازگەکان بە بیانووی ئەوەیە، پەلەوەرخانەکان لەسەر زەویی کێشەلەسەرن، لە کاتێکدا هەرچی ناوچەی کوردیی پارێزگاکەیە هەمان کێشەیان هەیە. لەسەر رێگە لاوەکییەکان ستوونی نزم راگیرکراون و لەودیویانەوە ئۆتۆمبێلی سەربازی چاودێریی رێگەوبانەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ