رووداو دیجیتاڵ
مێرگا بۆتان گەورەترین ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە بەرزایی دوو هەزار و 800 مەتر لە رووی دەریاوە هەڵکەوتووە. تەنها 12 کیلۆمەتر لە جۆلەمێرگەوە دوورە و ساڵانە 200 هەزار گەشتیاری لێ کۆدەبێتەوە.
ئەو ناوەندە لە ساڵی 2015ـەوە بە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە.
گۆگتەنیس دومان، کارگێڕی مێرگا بۆتانە و دەڵێت: شوێنی پشوو، دانیشتن و هەموو پێویستییەکانمان دابینکردوون، ئەو گەشتیارانەی دێن و دەیبینن باوەڕ دەکەم بێ گلەیین.
لە پڕۆژەکە، 12 رێڕەوی نێودەوڵەتیی سکی هەن، درێژترینیان سێ کیلۆمەترە، هەشت تەلەفریکی مۆدێرن، 25 راهێنەری پسپۆڕ، گەورە و بچووک، ژن و پیاو فێری تەکنیکەکانی سکی، (خلیسکێنەی سەر بەفر) دەکەن. وەرزی خلیسکانێ پێنج مانگە کە تێیدا ئەستووریی بەفر دەگاتە سێ مەتر.
جەیلان ئاکتاش، گەشتیارە و بە رووداوی گوت، سێ چوار هاوڕێن و پێکەوە چوونە بۆ ئەو ناوچە گەشتیارییە، "تا بڵێی لە گەشتەکەمان رازی بووین، بەڕاستی شوێنێکی خۆشە."
بەسرا هەین، گەشتیارێکی دیکەیە و سەردانی مێرگا بۆتانی کردووە، پێی گوتین، "بە راستی کە بە سکی دەڕۆی، زۆر خۆشە، بەڵام من هێشتا فێری نەبوومە."
لە ناوەندە گەشتیارییەکە، ساڵانە سێ بۆنەی گرنگی تێدا بەڕێوەدەچێت، فێستیڤاڵی سکی لە مانگی یەک، پێشبڕکێی نێودەوڵەتی خلیسکانێ لە مانگی دوو، فێستیڤاڵی خواردنە نەریتییەکان لە مانگی سێ.
هۆتێل و مۆتێل بە نرخی گونجاوی 50 دۆلار بۆ شەوێک، ژووری گۆڕینی جل و کەلوپەلی تایبەت بە کرێ لە ناوەندە گەشتیارییەکە بەردەستن.
ئارمان عادل، کارمەندی گەشتیارییە لە مێرگا بۆتان، پێی گوتین: "لە ئەڵمانیا، لە هەموو ئەوروپا، هەروەها گەستیاری ئێران و عێراقمان زۆرە و هەموو کەس کە دێتە ئێرە دەتوانێت بە پارەیێکی کەم سکی و ئامێرەکانی خلیسکانێ وەربگرێت."
مێرگا بۆتان تەنیا شوێنی وەرزش نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەی داهات و هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە و ناوەندێکی گەشتیاریی و کولتووری کە خەڵکانی جیهان رووی تێدەکەن.
لە پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە، خەڵک دەتوانن لە رێگەی هەردوو دەروازەی زێد و سەرزێڕەوە بە نزیکەی پێنج بۆ شەش کاژێر بگەنە جۆلەمێرگ و ئەو ناوچە گەشتیارییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ