رێگەوبانی سلێمانی: لیژنە لەسەر پێدانی پارەی زیادە بە بەڵێندەران پێکهێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
كاركردن لە رێگە دەرەكییەكانی سلێمانی بە سستی بەڕێوەدەچێت. بەرپرسێكی رێگەوبانی سلێمانی باس لەوە دەكات، پارەی زیادە دراوەتە چەند بەڵێندەرێک و لیژنە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە.
كاروان حەمەئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بە كاتی سلێمانی)ی رادیۆی رووداو، كە رۆژانی سێشەممە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، رایگەیاند، كاركردن لە رێگەکانی دەرەوەی سلێمانی خاو بووەتەوە، بەڵام رانەگیراوە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەڵێندەران بەگوێرەی ئەو پارەیەی وەریدەگرن كار لە پڕۆژەكاندا دەكەن. زۆرینەی رێگە ستراتیژییەكان كاری باشیان تێدا كراوە. بۆ نموونە، رێگەی دەربەندیخان - كەلار 96%ی كارەكانی تەواو كراون، رێگەی كەلار - كفری 97%ی كارەكانی كراون و رێگەی باشماخ – پێنجوێن 80%ی كارەكانی تەواو كراون."
بە گوتەی كاروان حەمەئەمین، لە هەردوو پڕۆژەی رێگەی وارماوا - دەربەندیخان كە 81%ی كارەكانی تەواو بوون و پڕۆژەی قۆناخی دووەمی دووكان - چوارقوڕنە کە 41%ی كارەكانی تەواو كراون، پارەی زیادە دراوەتە بەڵێندەر، بەڵام لیژنەی بەدواداچوون پێكهێندراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسە لە رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی گوتی، "لەسەر پڕۆژەی رێگەی وارماوا - دەربەندیخان كە زیاتر لە 5 ملیار دینار پارەی زیاد دراوەتە بەڵێندەرێكی ئێرانی، لیژنەیەكی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە پێكهێندراوە. لە پڕۆژەی قۆناخی دووەمی دووكان - چوارقوڕنەشدا زیاتر لە 4 ملیار دینار پارەی زیادە كەوتووەتە لای بەڵێندەرەكە، بەڵام ئەویان چارەسەرێكی باشی بۆ دۆزراوەتەوە و تاڕادەیەك كێشەكە چارەسەر كراوە."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە بەشێكی رێگە ئاساییەكانیش بەهۆی نەبوونی پارەوە ماوەیەكە كاركردن وەستاوە و گوتی، "لە 54 پڕۆژەی رێگە ئاساییەكان كاركردن وەستاوە و لە نزیكەی 60 پڕۆژەش كاركردن بەردەوامە."