دوو کەس لە ئاکرێ بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە قەزای ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکان لەکاتی دەستگیرکردنیاندا مادەی هۆشبەریان پێ بووە.
مقەدەم عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ ئەمڕۆ سێشەممە 14-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو کەس کە دەیانویست لەنێو ئاکرێدا مادەی هۆشبەر بڵاوبکەنەوە لەلایەن هێزەکانمان دەستگیرکران."
گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکان لەکاتی دەستگیرکردنیاندا مادەی هۆشبەریان لە جۆری کریستیاڵ پێبووە.
بە گوتەی عیماد حوسێن، هەردوو تۆمەتبارەکە خەڵکی دەرەوەی قەزای ئاکرێن. گوتیشی، "تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادوەر دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە."
ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بەگوێرەی بەندی 30 لە یاسای نەهێشتنی مادەی هۆشبەر ژمارە 01ـی ساڵی 2020 راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو لە 5 هەزار و 752 حوکمدراو، هەزار و 527 کەسیان بەهۆی هۆشبەرەوە حوکمدراون.