تورکیا بۆردوومانکردنی 24 شوێنی لە باشوور و رۆژئاڤای کوردستان و سووریا راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا 24 پێگەی گەریلا و شەڕڤانان بۆردوومانکراون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کاژێر 10:00ی شەو؛ 14-1-2024، ناوچەکانی مەتین، خواکورک، گارە، قەندیل و ئاسۆس لە باشووری کوردستان و چەند ناوچەیەک لە باکووری سووریا و رۆژئاڤای کوردستان بۆردوومانکراون. وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختیکردووەتەوە ئەو 24 شوێنە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەکارهێندراون و جەختیشی کردووەتەوە کە لە نێویاندا کۆگەی چەک، ئەشکەوت، پەناگە و وێستگەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی هەن.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنووری نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە دەڤەری سحێلای سەر بە ناحیەی زوممار بە رووداوی گوت "کەمێک پێش ئێستا (شەوی یەکشەممە، 14-1-2024) تورکیا وێستگەی ستراتیژی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و گازی لە گوندی سوێدیێ لە سنووری رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد."
 
لەبارەی زیانەکان، ئەو سەرچاوەیە کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، رایگەیاند "وێستگەکە نزیکە لە سنووری عێراق و باشووری کوردستان، دەنگێکی زۆر بەهێز هات و هەتاوەکو ئێستاش دەنگی تەقینەوە دێت، بۆیە زیانەکان دیار نین."
 
دوای هێرشەکان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە کە تورکیا چەندین ناوچەی لە رۆژئاڤای کوردستان و سووریا بۆردومانکردووە. هەسەدە رایگەیاندووە: "لە دوو رۆژی رابردوو تورکیا لەڕێی فڕۆکە و درۆنەکانی وێستگەی وزە، وێستگەی کارەبا، سایلۆ و تیمی بەرگریی شارستانیی کردووەتە ئامانج".
 
هەسەدە هەروەها رایگەیاندووە، ئامانجی تورکیا ئەوەیە ژیان لە ناوچەکەدا بنەبڕ بکات کە ئەمە جەنگێکی ئاشکرایە لە دژی خەڵکی سڤیل.