لەگەڵ رەنج؛ سێ مانگە جۆرە دەرزییەكی نەخۆشانی تالاسیمیا دابین ناكرێت

14-01-2024
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار نەخۆشی تالاسیما هەن، زۆرترین تووشبووەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، پاشان دهۆک، دواتر سلێمانی و هەڵەبجەن. بە گوتەی تووشبوویەکی تالاسیما کە لە بەرنامەکە بەشدارە، ئەوان کێشەی کەمی دەرزی، كیسی فلتەركراوی خوێن و دەرمانی کواڵێتیی باشیان هەیە. پزیشکێکیش دەڵێت، 60٪ـی ئەوانەی تالاسیمیای توندیان هەیە دایک و باوکیان خزمن." 
 
رۆژی یەکشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری دكتۆر نەوشیروان سدیق جەباری، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ‏خوێن؛ عوسمان محەممەد، سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیمیا لە ئیدارەی ‏راپەڕین؛ محەممەد حەسەن، تووشبووی تالاسیمیا لە ‏هەولێر؛ محیەدین عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیمیا لە دهۆك ‏‏و دكتۆر گەیلان قادر، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ‏پەرلەمانی عێراق‏، ‏دۆخی تووشبووانی تالاسیمیا لە هەرێمی كوردستان و هۆکارەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییە تاوتوێکرا.

 

 
محیەدین عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیمیا لە دهۆك گوتی: "کۆمەڵەی تالاسیمیای دهۆک لە ساڵی 1996 دامەزراوە و هەر ئەوکات سەرژمێرییەکمان لە پارێزگای دهۆک ئەنجامدا کە بەپێی ئەو سەرژمێرییە 81 تووشبووی تالاسیمیان هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەی تووشبووانی تالاسیمیا لە دهۆک نزیکەی 900 کەسە."
 
سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیمیا لە دهۆك دەڵێت، "هۆکاری هەڵکشانی ئاماری تالاسیمیا لە دهۆک گوێنەگرتنی خەڵکە لە رێنماییە تەندروستییەکان، بۆ نموونە کاتێک پشکنینی خوێنی پێش هاوسەرگیرییان بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت هەردوو لا 25٪ هەڵگری تالاسیمیان، دکتۆر بە هەردووکیان دەڵێت کە ئەو هاوسەرگیرییە نەکەن لەبەر ئەوەی ئەگەر منداڵتان ببێت تووشی تالاسیمیا دەبێت، بەڵام زۆربەیان گوێ بەو رێنماییەی دکتۆر نادەن."

 

 
هاوکات، عوسمان محەممەد، سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیمیا لە ئیدارەی ‏راپەڕین گوتی، "لە ساڵی 1996 کاتێک کۆمەڵەی تالاسیمیای رانیەمان دامەزراند، 23 نەخۆشی تالاسیمیا هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی نەخۆشەکان بەرزبووەتەوە بۆ 120 کەس، هەر ساڵی 1996 ژمارەی نەخۆشانی تالاسیمیا لە سلێمانی نەدەگەیشتە 200 کەس، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 950 نەخۆش."
 
عوسمان محەممەد لە ساڵی 1996ـەوە کار بۆ باشترکردنی دۆخی نەخۆشانی تالاسیمیا دەکات و لە زۆربەی کۆڕ و چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکاندا وەکو داکۆکیکاری مافی نەخۆشانی تالاسیمیا بەشداری کردووە، لەو بەرنامەیەدا هۆکاری ئەو داکۆکیکردنەی دەخاتەڕوو و دەڵێت؛ سێ منداڵی تالاسیمیام هەبووە کە هەرسێکیان گیانیان لەدەستداوە و هەر ئەوەش پاڵنەربووە بۆ ئەوەی بە درێژایی 28 ساڵ ببم بە داکۆکیکاری مافی ئەو نەخۆشانە، حەوت ساڵ لەمەوبەر کچە 21 ساڵەکەم وەسیەتی بۆ کردم کە هەرگیز واز لە پاڵپشتیکردنی نەخۆشانی تالاسیمیا نەهێنم. "ئەو کەسانەی لەگەڵ نەخۆشێکی تالاسیمیا نەژیابن و رۆژانە لەگەڵی نەبووبن نازانن کێشە و گرفتەکانیان چین."
 
 
دكتۆر نەوشیروان سدیق جەباری، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ‏خوێن دەڵێت، "تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەییە، واتا هیچ نەخۆشێکی تالاسیمیا نییە دایک یان باوکی هەڵگری ئەو نەخۆشییە نەبن. جۆری تالاسیمیای تووند هەیە و تالاسیمیای هەڵگریش هەیە، ئەو کەسانەی هەڵگری تالاسیمیان هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام ئەگەر دوو کەسی هەڵگر بەیەکەوە هاوسەرگیری بکەن، منداڵەکەیان تووشی تالاسیمیای تووند دەبێت."
 
دەشڵێت "بڕوام بەو ئامارە نییە کە دەڵێت شەش هەزار هەڵگری تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان هەن، توێژینەوەیەکمان کردووە لە هەرێمی کوردستان لە 100 کەس سێ بۆ چوار کەسیان هەڵگری تالاسیمیان."
 
بە گوتەی دکتۆر نەوشیروان، "60٪ـی ئەوانەی تالاسیمیای توندیان هەیە دایک و باوکیان خزمن، جیا لەمەش ئێستا پشکنینی پێش هاوسەرگیری هەیە، تەنانەت ئەوانەی کە خزمیش نین و لە پشکنینەکەدا دەرکەوت هەردووکیان هەڵگری تالاسیمیان، بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەو هاوسەرگیرییە بکرێت."

 

 
دکتۆر نەوشیروان، هۆکاری سەرەکی نەخۆشی تالاسیمیا بۆ ناهۆشیاری دەگەڕێنێتەوە، "پشکنینی پێش هاوسەرگیری کراوە و هەردوو کەسەکە هەڵگر بوون، بەڵام هاتوونەتە لامان و تەنانەت مامۆستای ئاینیشیان ناردووە بۆ تەکلیفکردن بۆ ئەوەی راپۆرتەکەیان بۆ بکەم و گوتوویانە با دوو بنەماڵە لەیەکتر عاجز نەبن، یان هەیە دەڵێت، چەند ساڵە یەکترمان خۆشدەوێت، بەڵام خۆشەویستی نابێ منداڵێکی تووشبووی تالاسیمیا بخاتەوە و ئەوە خۆشەویستی نییە. کچ و کوڕێک هاتن بۆلام و گوتیان دوو ساڵە یەکترمان خۆشدەوێت و باوکی کچەکە رازی نەدەبوو هاوسەرگیری بکەین، ئێستا باوکمان رازی کردووە و تۆ بووی بە رێگر، پێم گوتن خۆشەویستی واتای ئەوە نییە کە ئێوە ببنە هۆکاری لەدایکبوونی منداڵێکی نەخۆش."
 
لە بەغدا پشکنینی پێش هاوسەرگیری دەکرێت، بەڵام زۆریان لێ ناکرێت هاوسەرگیری نەکەن، بۆیە رێژەی تووشبوون بە تالاسیمیا لە عێراق زۆر بەرزبووەتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2009وە یاسایەک هەیە بۆ رێگریکردن لە هاوسەرگیری ئەو کەسانەی هەردووکیان هەڵگری تالاسیمیان.

 

 
محەممەد حەسەن، تووشبووی تالاسیمیا لە ‏هەولێر لە بەرنامەکەدا گوتی، "ئێستا کێشەی سەرەکیی ئێمەیە خوێنمان بۆ فیلتەر ناکەن، دەبێ مانگی یەک جار خوێنم تێبکرێت، دوو هەفتە لەمەوبەر چووم خوێنیان تێکردم لە یەک بوتڵ خوێن ئەوپەڕی 100 سیسییان بۆ تێکردم و ئەویدیکەی فڕێدرا، چونکە خوێنەکە فیلتەر نەکرابوو و لەشم پێی تێکچوو.
 
محەممەد ئامێرێکی پاڵاوتنی خوێنی هێنابوویە بەرنامەکە و گوتی؛ "لەکاتی تێکردنی خوێن دەبێت ئەو ئامێرە بەکاربێت، بەڵام ئێستا لە سەنتەری تالاسیمیا نییە و لە بازاڕیش نرخی لە نێوان 25 هەزار دینار بۆ 30 هەزار دینارە کە بۆ یەک جار خوێنتێکردن بەکاردێت".
‏‏
ئەو گەنجە گلەیی لە بەشێک لەو دەرمانانە دەکات کە وەک چارەسەر لە سەنتەری تالاسیمیا پێیاندەدرێت و دەڵێت: "پێشتر دەرمانەکانمان زۆر باش بوون و سەرجەمیان ئەوروپی بوون، بەڵام ئێستا دەرمانی عێراقیمان دەدەنێ کە کوالێتیی باش نییە و تەندروستیمان پێی تێکدەچێت"، هاوکات د. نەوشیروان سدیق جەباری بە باشی زانی وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی ئەو دەرمانانە لەسەر جەستەی نەخۆشانی تالاسیمیا بکات. 
 

 

.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."