گوتەبێژی کۆمیسیۆن: ئەم هەفتەیە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەم هەفتەیەدا شاندێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و رۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەن. 
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەردانەکە رۆژی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەم دەبێت. سەرۆکی کۆمیسیۆن و سەرۆکی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە شاندەکەدا بەشدار دەبن. 
 
کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی سێشەممە دەبێت. جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کۆبوونەوەیەدا، "رۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەن."
 
بڕیارە لە دوای دیاریکردنی رۆژە نوێیەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرابکرێت.
 
تاوەکو ئێستا دوو جار رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام هەڵبژاردن بەڕێوەنەچووە. دوایینیان 25ـی شوبات بوو. رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوە دا، ناتوانێت لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە (خ/24/ز.م/1) کە رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2024 بەناونیشانی "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، "دەمانەوێت ئاگادارتان بکەینەوە، ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنمان دەستپێکرد و، خشتەی کارەکانیشمان ئامادەکرد و چەندین سیستەممان دانا، بڕیاربوو لە 1ـی ئابی 2023 بڕگەکانی خشتەکە دەستپێبکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیاری پارەدارکردن لە وەزارەتی دارایی لە رۆژی 28/12/2023 دەرچوو، بۆیە کۆمیسیۆن نەیتوانی بڕگەکانی خشتەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکات، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە گرێبەستکردن و دابینکردنی کەرەستەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە."رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـی کانوونى دووەمى 2024، دانیشتنێکى دیکە دەکات بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە دادگەکە کراوە.