بەهۆی بەفربارینەوە بەشێک لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پشوویان راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەفربارین لە سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان، رێگەی دەیان گوند و شار داخران و بەشێک لە قوتابخانەکانیش پشوویان راگەیاند.
 
لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە بەفربارین لە هەرسێ پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە رێگەی نێوان چەندین شار و دەیان گوند گیراون، لە هەندێک لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سنەش نزیکەی یەک مەتر و نیو بەفر کەوتووە.
 
بە گوتەی عەبدوڵڵا شەریعەتپەنا، بەڕێوەبەری رێگەوبانی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، "لە رێگەی نێوان سەردەشت - کێلێ، زیاتر لە نیو مەتر بەفر باریوە و سەرباری راماڵینی بەفرەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە، بەهۆی بەردەوامیی بەفربارینەکە، رێگەکە بۆ هاتووچۆکردن ناشێت."
 
هاوکات لە ملەی زمزیران، کە رێگەی نێوان مهاباد - سەردەشتە، بەفرێکی زۆر باریوە و کڕێوەیە، مەودای بینین بۆ کەمتر لە سێ مەتر کەم بووەتەوە. بەهۆی بەستەڵەکەوە هاتووچۆ لە رێگەکە ئەستەم بووە. ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی بارانی بەخووڕ، ئێوارەی شەممە رێگەی نێوان میراوا - پیرانشار بەهۆی داڕمانی شاخەوە بۆ ماوەیەکی زۆر گیرا.
 
کەشناسیی پارێزگای ورمێ پێشبینی دەکات تاوەکو رۆژی دووشەممە بەفربارین بەردەوامبێت و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی چاڵدێران و خۆیە بەهۆی بەردەوامی بەفربارینەکە پشووی فەرمییان راگەیاند؛ دوێنێش لە شاری چاڵدێران بەفر رێگەی 50 گوندی داخست و لە سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو شارە پشوو راگەیێندرا.
 
بەفر رێگەی 38 گوندی سنەی داخستووە
 
لە پارێزگای سنەش، بەفر رێگەی سەرەکیی نێوان سەقز - بانەی داخست و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگاکەش دەڵێت، رێگەکە بۆ ماوەیەکی نادیار دادەخرێت، هاوکات لە ملەی ژاڵانە کە دەکەوێتە نێوان سەرواباد – هەورامان، نزیکەی دوو مەتر بەفر کەوتووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک ئامێر و ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان ژێر بەفر کەوتوون.
 
کیومەرس حەبیبی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ ئاوەدانکردنەوە بە میدیاکانی راگەیاند، "بەهۆی ئەو بەفرە زۆرەی باریوە، رێگەی 38 گوند گیراوە و سەرباری هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان، تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە رێگەی 15 لەو گوندانە بکرێنەوە."
 
کیومەرس حەبیبی دەڵێت؛ "50 تیمی بەڕێوەبەرایەتی مانگی سوور لەسەر رێگەوبانەکانن کە پێکهاتوون لە 10 بنکەی فریاکەوتن، 10 تیمی وەڵامدانەوەی خێرا، ئەو تیمانە بۆ فریاکەوتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دانراون کە لە رێگەکاندا گیردەخۆن یان تووشی رووداو دەبن."
 
لە هەورامان و ناوچە شاخاوییەکانی کرماشان بەفرێکی زۆر باریوە
 
ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێکی چڕی بەفر و باران پارێزگای کرماشانی گرتووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیش پێشبینی دەکات تاوەکو ئێوارەی سبەی دووشەممە بەردەوامبێت.
 
شەهرام کەهریزی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای کرماشان بە میدیاکانی راگەیاند، لە ماوەی 72 کاژێری رابردوو لە سەرجەم رێگەوبانەکانی پارێزگای کرماشان بەفر و بارانێکی زۆر باریوە."
 
شەهرام کەهریزی دەڵێت، لە هەورامان و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای کرماشان بەفرێکی زۆر باریوە و بووەتە هۆی دروستبوونی رێبەندان" و دەشڵێت، "لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا تیمەکانی رێگەوبان بە درێژایی 1580 کیلۆمەتر بەفریان لەسەر رێگەکان راماڵیوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای کرماشان، "بەفر بووەتە هۆی گیرانی چوار رێگەی سەرەکی و لە 75 شوێن داڕمانی شاخ و گیرانی رێگەوبان هەبووە و 80 ئۆتۆمبێلیش کە لە بەفردا گیریان خواردبوو، رزگار کراون."
 
لە ئیلام و لوڕستان بەفر نەباریوە
 
لە پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەشوهەوایەکی تا رادەیەک جێگیریان هەبووە و لە زۆربەی شار و شارۆکەکانی پارێزگای ئیلام ئاسمان ساماڵە و شەپۆلێکی بارانیش پارێزگای ئیلامی گرتووەتەوە.
 
لە ماوەی 72 کاژێری رابردوو، لە شارەکانی خوڕەمئاوا، برووجەرد، کوهدەشت، پولدوختەر و دووروودـی پارێزگای لوڕستان لە نێوان 16 بۆ 34 ملیمەتر باران باریوە و کەشناسی پارێزگاکەش پێشبینی دەکات؛ "تا ئێوارەی رۆژی دووشەممە شەپۆلەکە بەردەوامبێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت."