ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوای راگرتنی دەرکردنی دانیشتوانی نەورۆز لە کەرکووک دەکات

14-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک لە رێگەی نووسراوێکەوە داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکات پەلە لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی پێشتری نەکات، کە داوای دەرکردنی دانیشتووانی گەڕەکەکە دەکات. ئەمڕۆش نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆز لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی کێشەی گەڕەکەکەیان کۆدەبنەوە.
 
نووسراوەکە بۆ راگرتنی کارپێکردنە بە نووسراوێکی پێشتر، کە تایبەت بوو بە خانووەکانی ئەو گەڕەکەی کەرکووک کە هەفتەی رابردوو لەلایەن فیرقەی 11ی سوپای عێراقەوە کێشەیان بۆ دروستکرا و هێزەکە چووە سەر خێزانە کوردەکان و داوایان کرد خانووەکانیان چۆڵ بکەن.
 
نووسراوەکەی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 10ی ئەم مانگە لەلایەن فەرهاد نیعمەتوڵڵا حوسێن، جێگری ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە واژۆ کراوە و بۆ هەریەک لە وەزارەتەکانی بەرگری، داد، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، فەرمانگەی کاروباری ئەنجوومەنی وەزیران لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای کەرکووک، فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش نێردراوە.
 
هێمن قاسم، یەکێک لە نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆز، رۆژی یەکشەممە 14-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێنج نوێنەری گەڕەکی نەورۆز لە دوێنێوە لە بەغدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز. ئەوان دوێنێ لەگەڵ د. خالید شوانی، وەزیری داد و د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبوونەوە؛ ئەمڕۆش لەگەڵ د. حەمید غزی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەیان پێ بدەن کە دەیسەلمێنن خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز موڵکی وەزارەتی دارایین نەوەک بەرگری."
 
هێزێکی سوپای عێراق رۆژی 2ی کانوونی دووەمی 2023 هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک و داوای چۆڵکردنی 122 خانووی کرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس بە زێدەڕۆ دروستکرابوون و ناوی ئەو خێزانانەیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایان لێکردن بە زووترین کات چۆڵیان بکەن.
 
پێشتر ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 28-12-2023 نووسراوێکی رەوانەی وەزارەتی دارایی کرد و داوای دەرکردنی دانیشتووانی ئەو گەڕەکەی کرد و باسی ئەوەی کردبوو، ئەو زەوییانە موڵکی وەزارەتی دارایین و خانووی وەزارەتی بەرگرییان لەسەر دروستکراوە.
 
ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگەی کەرکووک یاسایەکی دەرکردبوو کە رێگەی بە هاووڵاتییان دەدا لەنێو خانووە زێدەڕۆکان و ئەو 122 خانووەدا بمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەت قەرەبوویان دەکاتەوە، بەڵام ئەو رۆژە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکەکە و هەر خێزانێک لە ماڵەوە نەبوو، دەستی بەسەر خانووەکەیدا گرت، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و هەندێک لە وەزیرانی کورد و پەرلەمانتارانی لە ئاستی باڵا هێنایە سەر هێڵ.
 
دواجار سوپای عێراق لەژێر گوشار کشایەوە، بەڵام حەوت خانووی گەڕەکی نەورۆز کە سوپا دەستی بەسەرداگرتبوون رادەستی پۆلیس کران. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."