رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەستلەكاركێشاوەی پێنجوێن دەڵێت، هەرچەندە خەڵكی پێنجوێن، بزووتنەوەی گۆڕان، پارێزگاری سلێمانی و لایەنە سیاسییەكانی ناو پێنجوێنیش داوایان لێكردووە لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی پەشیمان بێتەوە، بەڵام ئەو بۆچوونی خۆی ناگۆڕێت و دەڵێت: "رێزم بۆ هەموو ئەو لایەنانە هەیە، بەڵام لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەکەم پەشیمان نابمەوە".
زانا رەحمان، قایمقامی دەستلەكاركێشاوەی پێنجوێن رۆژی شەممە، 14-1-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی قایمقامی پێنجوێن دوای وردبینییەكانی بووە و بڕیارێك نەبووە سەرپێی بێت و دەڵێت: "دوای بیركردنەوەیەكی زۆر و بێهیواییم، گەیشتمە ئەو بڕیارە و سبەی یەكشەممەش رێكارە یاساییەكانی بڕیارەكەم دەكەم".
لەبارەی كاری نوێی، زانا رەحمان گوتی، هێشتا دیار نییە چی دەكات، بەڵام پێشتر لە بانكێكی حكومی كاری كردووە.
بەپێی رێنمایی و رێكارە کارگێڕییەکان، دوای نەمانی قایمقام بە هەر هۆكارێك نزیكترین بەڕێوەبەری ناحیە كارەكانی قایمقامیەتی پێنجوێن رایی دەكات و بەوپێیە بێت، هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بەشێوەیەكی كاتی كارەكانی قایمقامیەتی پێنجوێن رادەپەڕێنێت.
دوای سێ رۆژ لە خۆپێشاندان و ناڕەزایی، بەشێكی زۆری خەڵكی پێنجوێن كە سەرەكیترین داواكارییان بوونی كارەبای 24كاژێرییە لەگەڵ دابینكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ پێنجوێن، ئێوارەی رۆژی هەینی، 13-1-2023، زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆی دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێكی جیدی لە سنووری قەزای پێنجوێن بدەنەوە، دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند.
زانا رەحمان خەڵكی پێنجوێنە و لە ساڵی 1982 لە سلێمانی لەدایكبووە و لە ساڵی 2008دا بەشی کارگێڕیی لە سلێمانی تەواو كردوە و لە ساڵی 2009 وەك بەرپرسی بانكی پێنجوێن لە باشماخ دەستبەكاربووە و دواتر لە 10-05-2015 لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی قایمقامی پێنجوێنی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ