ئاراس شێخ جەنگی: کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی بە دیالۆگ یەکلایی نەکرێنەوە بە چەک یەکلایی دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاراس شێخ جەنگی رایگەیاند، دۆخی نێوخۆی یەکێتی "ئاڵۆزە و ئەگەر لە ماوەی 48 کاژێردا یەکلایی نەکرێتەوە، رەنگە بە چەک یەکلایی بکرێتەوە."
رۆژی شەممە 14-01-2023، ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی نێوخۆی یەکێتی ئاڵۆزە و پێویستە دۆخەکە یەکلای بکرێتەوە، ئەگەر نا لەماوەی 48 کاژێردا بە چەک یەکلای دەکرێتەوە."
ئاراس شێخ جەنگی گوتی، "سلێمانی بە دۆخێکی سیاسی خراپدا تێدەپەڕێت و ئەوانەی ئێستا سلێمانی بەڕێوەدەبەن دوورن لە رێبازەکەی مام جەلال. لەدوای شەڕی هەکارییەوە یەکەمجارە سلێمانی دۆخی وا خراپ بەخۆیەوە ببینێت."
ئاراس شێخ جەنگی کە برای لاهوری شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتییە، لەبارەی دەنگۆی دروستکردنی هێزی چەکدار لەلایەن براکەیەوە گوتی، "لەو باوەڕەدانیم هێزی چەکداری دروست بکات، بەڵام ئێستا یەکێتی پاسەوانەکانی لێسەندووەتەوە، رەنگە ئەوانە پاسەوانی بن نەک هێزی چەکدار."
بە بڕوای ئاراس شێخ جەنگی، ئەگەری باشبوونی دۆخی نێوخۆی یەکێتی و سلێمانی هەیە. گوتی، "لەو باوەڕەدام دۆخەکە بەرەو باشتر بڕوات، ئەگەر وانەبێت من کوردستان جێدێڵم، تاوەکو دۆخی یەکێتیش خراپ بێت سلێمانی خراپ دەبێت."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمەی ئێستا هەیە رێبازی مام جەلال نییە، ئەگەر مام کێشەی لەگەڵ هەرلایەنێکدا هەبوایە دەچووە ماڵی و ئاشتی دەکردەوە. ئەوانەی ئیستا یەکێتی بەڕێوەدەبەن یەکێتی نین کە بە لێشاو ئەندام و بەرپرسەکانی ناوخۆی یەکێتی دەردەکەن. مام جەلال تاکە سەرکردە بوو لە هیچ شوێنێک یەک مەتر زەویی نەبوو."
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
02-11-2021، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی ئاراس شێخ جەنگی بۆ ماوەی شەش مانگ لە کارەکەی سڕکرا، بەڵام دواتر سزاکەی سەری لادرا.