قایمقامی پێنجوێن: لە خۆپێشاندان بەردەوام دەبین


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، "تا ئەو کاتەی داواکاریمان بۆ زیادکردنی کارەبا قبووڵ نەکرێت، بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندانەکان. ئاماژە بەوەش دەکات، لەبەر خەڵک دەستبەرداری پۆستەکەی بووە. 
 
رۆژی 14-01-2023، زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن دوای دەستبەرداربوون لە پۆستەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: دەبێت حکومەت وەڵامی ئەو خەڵکە بداتەوە کە چوار رۆژە لەسەر شەقامەکان داوای مافی خۆیان دەکەن.
 
بەهۆی بەردەوامیی ناڕەزایی خەڵکی قەزای پێنجوێن بۆ دابینکردنی نەوت و کارەبای زیاتر، زانا رەحمان دەستبەرداری پۆستی قایمقامی پێنجوێن بوو و لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا دەڵێت: ''ئەمڕۆ چوار رۆژە خەڵک لەسەر شەقامەکانن و کێشەی خەڵک چارەسەر ناکەن، منیش لەگەڵ خەڵکم و بەردەوام دەبین تا وەڵامی داواکارییەکانمان دەدرێتەوە." 
 
چەند رۆژێکە هاونیشتمانییانی قەزای پێنجوێن، بەهۆی کەمیی کارەبا، لە شەقامەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای کارەبای 24 کاژێری و سووتەمەنی دەکەن، بەڵام حکومەت وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداونەتەوە و دەڵێت، بۆ دابینکردنی کارەبای زیاتر لە پێنجوێن، دەبێت لە کارەبای ناحیە و قەزاکانی دیکە کەم ببێتەوە، "ئەوەش ئەخلاقی نییە."  
 
زانا رەحمان 8 ساڵ لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان قایمقامی پێنجوێن بوو، ئەو پێیوایە "ناڕەوایە" کارەبای زۆر بۆ کارگەکان دابین بکرێت، لەکاتێکدا هاونیشتمانییانی پێنجوێن پێویستیان بە کارەبای زیاترە.