سێ کۆڵبەر لە نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان ونبوون


رووداو دیجیتاڵ

سێ هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خەڵکی گوندی باوانن، لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باکووری کوردستان بێسەروشوێن بوون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهلول سەیدانیفەرد، ئەسعەد سەیدانیفەرد و بارزان میهەنی، بۆ بازرگانی سەردانی گوندی گەلێشیمی سەر بە ناوچەی شەمزینانیان لە باکووری کوردستان کردووە.
 
هاووڵاتییەک بە ناوی فەریق یوجە کە خەڵکی گوندی گەلێشیمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرسێ کەسەکە دوای ئەوەی کاری خۆیان تەواو کردووە ویستوویانە بگەڕێنەوە گوندەکەی خۆیان، دواتر لە گەلیێ بنارێ بێسەروشوێن بوون.
 
فەریق یوجە باسی لەوەشکرد، کە 10 کەس لە کەسوکاری بێسەروشوێنبووان بۆ سۆراخکردن چوونەتە باکووری کوردستان.
 
فەریق یوجە ئاماژە بەوەش دەکات، هەمان رۆژی ونبوونیان، گوندنشینان هەوڵیانداوە بیاندۆزنەوە، دواتر سەربازانی تورکیا گەیشتوونەتە گوندەکە و رێگرییان لە گوندنشینان کردووە بچنە دەروازەی نێوان باکوور و رۆژهەڵات و بۆ بێسەروشوێنبووەکان بگەڕێن.
 
ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی بەفرێکی زۆر باریوە، سەربازان رێگە نادەن گوندنشینان بچنە گەلیێ بنارێ و دەوروبەری.