دایک و کچێک نەخۆشن و خێزانەکەیان پێویستیان بە هاوکارییە

رووداو دیجیتاڵ
 
 
شێرپەنجە و نەخۆشیی مێشک، دایک و کچێکی کردووەتە میوانی بەردەوامی نەخۆشخانەکان. تێچووی چارەسەرەکانیشیان خێزانەکەی بە تەواوی هەژارکردووە و پێویستیان بە یارمەتی خێرخوازانە.
 
لە گوندی جەلیدووکی سەر بە شارۆچکەی گردەسێنی ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک، خێزانێکی 9 کەسی دەژین کە نەخۆشبوونی دوو ئەندامی خێزانەکە قورسایی لەسەر ژیانیان دروستکردووە و بەردەوام لە رێگەی ماڵ و نەخۆشخانەن.
 
بارزان عەلی پیاوی ماڵەکە لەبارەی دۆخی تەندروستی و ژیانی هاوژینەکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خێزانەکەم ناوی رازیما عەبدولمەجیدە و کچەکەشم ناوی ژوان بارزان عەلییە و تەمەنی 13 ساڵە. خێزانم شێرپەنجەی گەدەی هەیە و بەردەوام لەرێگەی نەخۆشخانەین، تووشی کۆرۆناش بوو و ئەوەندەی دیکە تەندروستییەکەی خستە مەترسییەوە".
 
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی کچەکەی، بارزانی عەلی گوتی: "ژوانی کچیشم بەهۆی بوونی ئاو لە مێشکی جارێک نەشتەرگەریمان بۆ کردووە، ئێستاش کاریگەرییەکانی بەردەوامە و جارجار دەکەوێت و بۆ چەند کاژێرێک بێ دەم و زوانە و دوایی باش دەبێتەوە".
 

دۆخی ئابووریی خێزانەکەش بووەتە سەرباری قورسایی نەخۆشییەکەیان. بارزان عەلی دەڵێت، بەسەختی بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین دەکات کە چوار کوڕ و سێ کچی هەیە. تێچووی نەخۆشیی دوو ئەندامی خێزانەکەی لە دوو ساڵی رابردوو کاریگەریی کردووەتە سەر ژیانیان و وەک خۆی دەڵێت، ئێستا هیچی نەماوە بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەریان بدات.
 
بارزان عەلی لە رێگەی رووداو داوای یارمەتی لە خێرخوازان دەکات بۆ ئەوەی بتوانێ دۆخی تەندروستیی کچ و هاوژینەکەی باشبکات و هەروەها دۆخی ئابووریی خێزانەکەی بگۆڕێت.