ساڵی رابردوو 526 پیاو لە كوردستان بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە

رووداو- سلێمانی

سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان بە پشتبەستن بە ئامارەكانیان، لەبارەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی توندوتیژیی بەرامبەر پیاوان هۆشداری دەدات، بەڵام چالاكڤانێكی ژن دەڵێت "لە هەموو دنیادا توندوتیژی هەیە و ئەوەی پیاوانیش هەر دەكەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە".

یەكێتی پیاوانی كوردستان ئاماری 8 ساڵی رابردووی ئەو توندوتیژیانەی كۆكردووەتەوە كە بەرامبەر پیاوان لە كوردستان كراون. بەپێی ئامارەكە، ساڵ بەساڵ توندوتیژییەكان زیادیان كردووە. ساڵی 2003 تەنیا 33 سكاڵا لەلای ئەو رێكخراوە تۆمار كراوە، بەڵام ساڵی رابردوو ژمارەی سكاڵاكان گەیشتووەتە 526 سكاڵا.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 288 پیاو خۆیان كوشتووە و 27 پیاویش لەلایەن ژنەكانیانەوە كوژراون.

بورهان عەلی، سكرتێری رێكخراوەكە، بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژییەكانی بە مەترسی ناوبرد و گوتی "لەدوای دروستبوونی قەیرانی داراییەوە، توندوتیژیش بەرامبەر پیاوان رووی لە زیادبوونە بەوپێیەی پیاو ئەركی دابینكردنی پێداویستییەكانی خێزانی لەئەستۆیە".

بورهان عەلی پێیوایە تۆماركردنی ئەو هەموو سكاڵایە لەلایەن پیاوانەوە ئاماژەیە بۆئەوەی كە پیاوان چیدی نایەنەوێ‌ بە توندوتیژی وەڵامی ئافرەتان بدەنەوە".  

بەبڕوای سكرتێری رێكخراوەكە، زۆر لە توندتیژییەكان لە ئەنجامی دەستێوەردانی خێزانە لە ژیانی تاكەكان، بورهان عەلی دەڵێت "لەو 526 سكاڵایە، 167یان ئەوانەن كە كەسوكاری نزیكیان دەستیان لەكاروباری ئەوان وەرداوە. بەداخەوە جاران كەسوكاری خێزانەكان هۆكارێك بوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام ئێستا ژیانیان زیاتر لێ تێكدەدەن".

بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو ژن و مێردانەی جیادەبنەوە و منداڵیان هەیە، یاسا منداڵەكان دەداتەوە بە دایكیان و باوكیش بۆی هەیە چواردە رۆژ جارێَك منداڵەكانی ببینێ‌، بەڵام ساڵی رابردوو 211 پیاو هانایان بۆ ئەو رێكخراوە بردووە لەبەرئەوەی رێگەیان پێنەدراوە منداڵەكانیان ببینن.

بورهان عەلی گوتی "ئێمەش هاوڕاین كە یاسا رێگەی داوە دوای جیابوونەوەی ژن و مێرد، منداڵەكان بدرێنەوە بە دایك، بەڵام ناكرێت دایكەكە رێ لە باوك بگرێ منداڵەكانی ببینێ، بێگومان ئەوە جۆرێكی دیكەی توندوتیژییە".

بورهان داوایەكی لە رێكخراوەكانی ژنان هەیە و دەڵێت "ناكرێت ئێمە پیاوان و ژنان تەنیا لە مافەكانیان هۆشیار بكەینەوە، بەڵكو پێویستە رێكخراوەكانی ژنان، ژن لە ئەركەكانیشی هۆشیار بكەنەوە، چونكە ژنیش چەند مافی هەیە، ئەوەندەش ئەركی لەسەرشانە".

بەڵام بوار قادر، چالاكوانی ژنان پێیوایە ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر پیاوان لەو ماوەیەدا كراون، رەنگە ئاماری ساڵێكی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بێ. بوار گوتی "لە هەموو دنیادا توندوتیژی هەیە و ئەوەی پیاوانیش دەكەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە، باشە ئەگەر دەڵێن لە 8 ساڵدا 27 پیاو لەلایەن ژنانەوە كوژراون، ئەی لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا چەند ژن لەلایەن پیاوانەوە كوژراون؟".

بوار پێیوایە كێشەكە پەیوەندی بە هۆشیاركردنەوەی ژنان نییە "ژنان بەرامبەر ماف و ئەركەكانیشیان هۆشیار دەكرێنەوە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە یاساكان پشتی پیاوان دەگرن".

توێژەرێكی كۆمەڵایەتی ئەو ئامارەی بەلاوە زۆرە و دەڵێت "ژمارەی توندوتیژییەكان بەرامبەر پیاوان جێی هەڵوێستەیە و دەریدەخات كە بەشێك لە ژنانیش بەرامبەر مێردەكانیان توندوتیژن".

ئەڤین محەممەد هۆكاری زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان بۆ خراپیی باری ئابووری و لایەنی كۆمەڵایەتی خێزانەكان گەڕاندەوە و گوتی "هەندێجار لەبەرئەوەی پیاوەكە چووەتە تەمەنەوە، توانای كاركردنی نەماوە، بۆیە ژنەكەی لە ماڵ دەیكاتە دەرەوە، یاخود جیاوازی چینایەتی لەنێوانیاندایە، ژنەكە لە پیاوەكە دەوڵەمەندترە و منەتی بەسەردا دەكات و بەو هۆیەشەوە شەڕ لەنێوانیاندا دروست دەبێت و ژنەكە توندوتیژی بەرامبەر پیاوەكەی دەنوێنێ".

ئاماری توندوتیژییەكان بەرامبەر پیاوان لە 8 ساڵی رابردوودا:

ساڵ ژمارەی توندوتیژی
2008 31
2009 59
2010 86
2011 111
2012 163
2013 251
2014 409
2015 526
كۆی گشتی 1636

ئاماری خۆكوشتنی پیاوان و كوشتنیان لەلایەن ژنانەوە لە 5 ساڵی رابردوودا:

ساڵ ژمارەی خۆكوشتنەكان كوژراوەكان
2011 59 4
2012 40 5
2013 55 7
2014 65 5
2015 69 6
كۆی گشتی 288 27