هەڵوێستی پارتەکانی باشووری کوردستان لەبارەی دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان

34 خولەک له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی سووریا خۆیان بۆ قۆناخی دانوستاندندن ئامادە دەکەن. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەپێناو پاراستنی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوا، داوای هاوکاریی لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە نێوخۆی کوردستانیش چاوەکان لەسەر هەڵوێستی حیزبەکانی هەرێمی کوردستانە، بەوپێیەی خاوەن هێز، دەسەڵات و ئەزموونن.
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێت، ئامادەی هەموو پاڵپشتییەکین، کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوا دڵخۆشکەرە و گرنگە پێش دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا یەکگرتووبن.
 
پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتیش رادەگەیێنێت، پێویستە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ هاوکاری رۆژئاوا.
 
هەریەکە لە کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی و ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، "هەسەدە واز لەو ئەدەبییاتە بهێنێت کە لە قەندیلەوە بۆیان دەهات، بۆئەوەی بتوانێت لەگەڵ هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان دانوستاندن بکەن."
 
کۆمەڵی دادگەری: خۆیان لە هەڵەکانمان بپارێزن
 
فارووق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا روون نییە داهاتووی سووریا چۆن دەبێت، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی هەتەشە دڵخۆشکەرە و پێدەچێت پێکەوە کارکردنیان مەبەست بێت. هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانیش بە پارتە سیاسییەکانیشەوە هەمیشە هاوسۆز و پشتیوانی رۆژئاوا، مەزڵووم عەبدی و هەسەدە بوون، هیوادارین لە هەندێک ئەزموونە باشەکانی هەرێمی کوردستان سوود وەربگرن و خۆیان لە هەڵەکانمان بپارێزن."
 
فارووق عەلی دەڵێت: "ئێمە وەکو کۆمەڵی دادگەری، دەزگای خێرخوازیی بەخشینمان هەیە و لە رێگەی هاونیشتمانیانەوە هەوڵدەدەین کۆمەک و هاوکاری کۆبکەینەوە بۆ رۆژئاوا ئەگەر پێویستییان پێی هەبێت و رێگە بدرێین، ئەگەرچی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئێستا خۆیان لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بەڵام ئامادەییمان هەیە بۆ ئەو کارە."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەش کرد، "لێدوانی لایەنەکانی سووریا دڵخۆشکەرن و نایانەوێت هیچ لایەنێکی سووریا پشتگوێ بخرێت، کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوا و دواتر دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا کارێکی باشە و هیوادارین لایەنە کوردییەکان تەبابن و بتوانن دەستکەوتەکانیان بپارێزن."
 
عەبدولسەلام بەرواری: لایەنەکان لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ هاوکاری رۆژئاوا بکەن
 
عەبدولسەلام بەرواری، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە رووداوی گوت، "دەتوانم دۆخی ئێستای کوردستانی رۆژئاوا و سووریا بەراورد بکەم بە دوو سەردەمی جیاوازی باشووری کوردستان و عێراق، جارێک لە 1975 و جارەکەی دیکەش لە 2003، لە ساڵی 1975 بەردەوامیی شۆڕشی کورد پێچەوانەی خواستی نێودەوڵەتیی بوو، چونکە دەیانویست پەیوەندیی ئێران و عێراق باشبێت."
 
عەبدولسەلام بەرواری بەراوردکارییەکەی رۆژئاوای کوردستانی بە دۆخی ئەوکاتی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەمجۆرە کرد،  "ئێستاش لە سووریا بەوجۆرەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەیەوێت دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیربێت، بەڵام ئێستا دەبینین لایەنەکانی رۆژئاوا شەڕ لەگەڵ سەرکەوتووەکانی شۆڕشەکە دەکەن، ئەوەش پێچەوانەی خواستی نێودەوڵەتییە."
 
دەشڵێت: "ئەگەر بەراوردی بە ساڵی 2003ـی عێراقیش بکەین؛ ئەوکات سەرۆک بارزانی یاریکەری سەرەکی بوو لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ مام جەلال، ئەوان لە 2002 ئامادەکارییان کرد و لایەنەکانیان کۆکردەوە بەڵام لە رۆژئاوا ئەو دەرفەتە نییە، بۆیە هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی باشترین دەرفەت و کەسن بۆئەوەی بەوکارە هەڵسن بۆ رۆژئاوا، واباشە رێگابدەن سەرۆک بارزانی رزگاریان بکات بۆئەوەی تورکیاش ناچاربێت هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات."
 
بە بڕوای عەبدولسەلام بەرواری، "پێویستە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ هاوکاری رۆژئاوا، نابێت هەر حیزبێک و لەلای خۆیەوە هەڵسێت بە ئەو کارە. پێویستە پەیەدەش واز لە ئەقڵییەتی قەندیل بهێنێت و هەوڵی یەکگرتوویی لەنێو لایەنە کوردییەکان بدات."
 
یەکگرتوو: دەکرێت گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنەکانی رۆژئاوا هەبێت
 
سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە داهاتووی سووریا و رۆژئاوا بە باش دەبینین، لە رابردوودا کورد نە ناو و نە هیچ مافێکی نەبوو، بەڵام ئێستا دەستکەوت هەن و ئەمەش دڵخۆشکەرە. هیوادارین لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ بن و بە یەک گوتارەوە بچنە دیمەشق بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ."
 
سەلاحەدین بابەکر دەڵێت، "پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن پەیوەندیی و دانیشتن و گفتوگۆمان هەبێت لەگەڵ لایەنەکانی رۆژئاوا و دەکرێت پێیان بڵێین پەند لەو هەڵانە وەربگرن کە ئێمە کردوومانن و سوود لە ئەزموونەباشەکانمان ببینن، یەکێک هەڵەکانمان شەڕی ناوخۆ بوو، دەکرێت ئێمە پێیان بڵێین قەت دەست نەبەن بۆ ئەو کارە و بە گفتوگۆ و برایەتی ناکۆکییەکانتان چارەسەربکەن."
 
کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو پێشنیازەکانی حیزبەکەی لەبارەی شێوازی حوکمڕانی داهاتووی رۆژئاوای کوردستان باسکرد و گوتی، "بەڕێوەبەریی خۆسەر لە رابردوو بواری بە لایەنەکانی دیکە نەدەدا کە بەشداریی لە حوکمڕانییدا بکەن، ئێمە لە کۆبوونەوەکانمان ئەوەمان پێگوتوون کە بواربدەن ئازادی بیروڕا هەبێت لەوێدا، ئەگەر لە داهاتووشدا هەروابێت و بیانەوێت بەوجۆرە تاکڕەویی بکەن هەڵەیە و بۆیان ناچێتەسەر؛ بەڵکو دەبێت تەبابن لەنێوخۆ و لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سووریاش."
 
یەکێتی: دەبێت هەموومان بە ئەرکی خۆمان هەڵسین بۆ هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان
 
رێباز بێرکۆتی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئێمە هیواخوازین کورد لەوێ یەکدەنگ و یەکڕەنگ بن، هەریەکە لە هەسەدە، تەڤدەم و ئەنەکەسە هێزی بە ئەزموون و شارەزان و خاکێکی زۆریان لەوێ لەبەردەستە، پێمان باشە ئەو ئەدەبییاتەی لە قەندیلەوە بۆیان دەهات لە داهاتوو ئەوەیان نەمێنێت و لەگەڵ هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان یەکێک لەوانە تورکیا، بتوانن دانوستاندن بکەن، چونکە ئەمریکا و بەریتانیاش ئێستا دەیانەوێت کورد لەوێ بگاتە مافی خۆی."
 
لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی رێباز بێرکۆتی دەڵێت، "ئێمە وەکو یەکێتیی پێمان خۆشە بە هەموو توانامانەوە هاوکاری رۆژئاوابین، بەڵام بەداخەوە برایانمان لە رۆژئاوا یەکگرتوو نەبوون لە رابردوودا، هیوادارین پەند لە هەڵەکانی ئێمە وەربگرن و یەکڕیزبن، چونکە هەرکات یەکڕیزبووبین هەموو مافەکانمان بەدەستهێناوە."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پێشنیازی حیزبەکەی بۆ حوکمڕانی داهاتوو لە رۆژئاوای کوردستان و چۆنییەتی پاڵپشتیی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستانی رۆژئاوا گوتی، "بۆئەوەی بگەینە ئامانجەکانمان، دەبێت خاڵی هاوبەش لەنێوانمان بدۆزینەوە لە هەموو پارچەکان بۆ رۆژئاوا، دەبێت هەموومان بە ئەرکی خۆمان هەڵسین بۆ هاوکاری کردنی رۆژئاوا و تەنانەت دەکرێت شاندەکانمان بچنە ئەوێ بۆئەوەی بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ئەوە ئەرکێکە لەسەر هەموو هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتیی کە ئەو پاڵپشتییە بکەن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە