گەورەترین فێستیڤاڵی سەری ساڵ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی سەری ساڵ لە هەولێر بەرێوەدەچێت، نزیکەی 50 کۆمپانیا و خاوەنکار بەرهەمەکانیان نمایش کردووە و ژمارەیەکی زۆر سەردانیکار رووی تێدەکەن.
گەلاوێژ ئەبوبەکر، لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی دەستی دەفرۆشێت و دەڵێت، "ئەمە بەردی مینای ناوە. نرخەکەی 25 هەزارە، بەڵام دەتوانین مامەڵەش بکەین".
بۆکان عەزیز، یەکێکی دیکەیە لە فرۆشیارەکان و لەبارەی سەردانیکەرانەوە ئاماژەوە بەوە دەکات ، "تا رادەیەک باشە، خەڵک هاوکاریمان دەکەن و کەلوپەلەکان دەکڕن".
محەمەد عەبدوڵلا، لە فێستیڤاڵەکە قاوە دەفرۆشێت و باس لەوە دەکات، "لە کۆنەوە جۆرە قاوەیەک هەیە پەیوەندی بە کورد هەیە، کەچی بەناوی تورکەکانە؛ بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین بە مادەی نوێی کوردەواری بیگەڕێنینەوە".
ئالا جاسم، بە چەند بەرهەمێکی دەستی بەشداریکردووە و دەڵێت، "هەمووی کاری دەستی خۆمە. زیاتر فۆلکلۆرییە و پەیوەندی بە جلی کوردییەوە هەیە".
نەسرەدین مستەفا، بە چەند جۆرێکی جیاوازی تەحینەوە بەشداریی کردووە و ئاماژەوە بەوە دەکات، "تەحینی فستەق، گوێز، کونجی، توێکڵی قەزوان و قەزوانمان هەیە".
فێستیڤاڵەکە لە پارکی پێشمەرگە بەرێوەدەچێت. بە دارێک رازێندراوەتەوە کە بەرزییەکەی 28 مەترە.
دڵزار محەمەد، هاونیشتمانییە و لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە باس دەڵێت، "خۆشە ساڵانە ئاهەنگی بەم شێوەیە بەڕێوەبچن. سوودی دەبێت بۆ کۆمەڵگە هەم لە رووی ئابووریەوە هەم بۆ یەکترناسین و تێکەڵاوی و کات بەسەربردن".
مینا عوسمان، سەردانیکارە و باس لە فێستیڤاڵەکە دەکات، "یەکەمجارمە بێمە ئێرە زۆرم پێخۆشە. دارەکە، رووناکیەکە، خەڵکەکە، گۆرانیەکان. هەموو شتێکی ئێرەم پێجوانە".
لە فێستیڤالەکەدا لە کاژێر 5ـی ئێوارە تاوەکو کاژێر 12ـی شەو چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕیوەدەچن.
کۆمپانیای مەڵتی میدیا فێستیڤاڵەکەی رێکخستووە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دەکات.