شارەوانیی هەڵەبجە 39 پارچەزەوی بە زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا 39 پارچەزەوی دەفرۆشێت. بەشێک لەو زەوییانە بە نایاب دادەنرێن و داهاتەکەش بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکرێت.
 
ئەمڕۆ، 13ی کانوونی یەکەمی 2023 فەرحان عیزەت، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای چەند ساڵێک لە راگرتنی فرۆشتنی زەوی، دوێنێ 39 پارچە زەویمان خستە زیادکردنی ئاشکراوە. 26 پارچەیان فرۆشران و ئەمڕۆش 13 پارچە زەوییەکەی دیکە دەفرۆشرێن."
 
بەگوتەی فەرحان عیزەت، تەنیا مەرجی شارەوانی ئەوەیە، ئەو کەسەی زەوییەک دەکڕێت، قەرزداری شارەوانیی هەڵەبجە نەبێت و پارەی زەوییەکە بە چەکی بانکی بداتە شارەوانی.
 
بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت، "زۆرینەی زەوییەکان لەلایەن دانیشتووانی هەڵەبجەوە کڕدراون؛ بەشێکیشیان لەو نرخە زیاتر فرۆشراون کە شارەوانی خەمڵاندنی بۆ کردبوون."
 
لەبارەی ئەو پارەیەی لە رێگەی فرۆشتنی زەوییەکانەوە دەستی شارەوانی دەکەوێت، فەرحان عیزەت گوتی، "داهاتی فرۆشتنی زەوییەکان لە شارەوانی کۆدەکرێتەوە و دواتر بەکاردەهێندرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان."
 
نوخشە ناسح، قایمقامی هەڵەبجە رۆژی 24-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ گەشەکردنی ئابووریی شارەکە و زیاتربوونی خزمەتگوزارییەکان، داوایان لە سەرمایەداران کردووە پڕۆژەی زیاتر لە سنووری هەڵەبجە جێبەجێ بکەن و بەشێک لە خزمەتکردنی شارەکە لە ئەستۆ بگرن، لەوانەش لە بواری گەشتیارییەوە.
 
بەگوتەی نوخشە ناسیح، بەهۆی نەبوونی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە رێژەی بێکاری لە هەڵەبجە لە شارەکانی دیکە زیاترە. هەروەها تاوەکو ئێستا دەروازە سنوورییەکانی هەڵەبجە بەشێوەی بەرفراوان نەخراونەتە کار، بەشێکیان تەنیا بە رۆژ کاریان تێدا دەکرێت و مەرزی سازانیش هێشتا بە فەرمی نەکراوەتەوە.