کەشناسی هۆشداری دەدات و دەڵێت ئەمشەو ماوەی بینین کەمدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی تەمی زۆرەوە لە درەنگانی ئەمشەو، ماوەی بینین زۆر کەمدەبێتەوە و کەشەکەش تاوەکو بەیانیی سبەی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
 
بەشی پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "درەنگی ئەمشەو لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی ناوچەکاندا ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە کە پێشبینی دەکرێت ماوەی بینین بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە، بەجۆرێک لە کاتەکانی درەنگی شەو ئەگەری هەیە بۆ کەمتر تەنیا یەک کیلۆمەتر کەمببێتەوە."
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەو تەمە تاوەکو کاتەکانی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەردەوامبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە لەبارەی کەشوهەوای رۆژی پێنجشەممە، 2023-12-14ـەوە ئەوەی راگەیاندووە، "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، بە گشتی نمەباران لەسەر بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی دەبارێت، لە دوای نیوەرۆ ئاسمان دەگۆرێت بۆ پەڵەهەور و ساماڵ.
 
هەروەها خێرایى با، لە سەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت، واتە لەنێوان 5 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت. ماوەی بینین لەنێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت، پلەی گەرماش بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، کەمێک بەرزدەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
 
- هەولێر: 18 پلە
- سلێمانی:  17پلە
- دهۆک:  17پلە
- کەرکووک:  21پلە
- هەڵەبجە:  19 پلە
- زاخۆ:  17پلە
- گەرمیان:  22پلە
- حاجی ئۆمەران: 6 پلە
- سۆران:  15 پلە