قایمقامی سۆران: ئاگرکەوتنەوەکە بە ئەگەرێکی زۆر بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی سۆران لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی شارەکەی دەڵێت، "هێشتا ئەنجامی کۆتایی رانەگەیێندراوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە."
شەوی 08-12-2023 کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران - چۆمان لە گەڕەکی جووندیانی سۆران کەوتەوە. وێڕای هەوڵی تیمە فریاگوزارییەکان، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لیژنەیەکی بۆ زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پێکهێنا.
رۆژی چوارشەممە 13-12-2023، رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە رانەگەیێندراوە. ئەو لیژنەیەی پێکهێنرابوو ئەمڕۆ کارەکانی لە سۆران تەواو کرد و گەڕایەوە هەولێر و لەسەر وەزارەتی ناوخۆ ماوە کەی ئەنجامەکەی رادەگەیێنێت، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە."
قایمقامی قەزای سۆران گوتیشی، "هەندێک بەڵگەنامەی بەردەست هەن کە دەریدەخەن شۆرتی کارەبا هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە بووە."
بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە پێنج کەس دەستگیرکران. قایمقامی قەزای سۆران دەڵێت، "ئەو کەسانە تاوەکو ئێستا راگیراون. ئەوانەی خاوەنی کارگەی قەنەفەکە و خاوەنی باڵەخانەکە کەمتەرخەمییان هەبووە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو 14 کەسەی لە رووداوەکەی سۆراندا گیانیان لەدەستدا، سیانیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ دووانیش هاوژینی یەکن و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن؛ چواریشیان ئەندامی یەک خێزانن و عەرەبن؛ یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دووانیش ناسنامەی سووریایان پێبووە و دیار نییە کوردن یان نا. دوو کەسەکەی دیکەشیان عەرەبی عێراقن.