ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 18 هەزار کەس کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە

14-12-2023
وێنەکە خێزانێکی کۆچبەری کوردە لە بێلاڕووس
وێنەکە خێزانێکی کۆچبەری کوردە لە بێلاڕووس
نیشانەکردن کۆچکردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی لە رێگەی نایاساییەوە کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن، دەبنە قوربانیی رێگە و مامەڵەی دەستی قاچاخچییەکان، سەرباری ئەوەی پارەیەکی زۆر خەرجدەکەن، مەترسیی لەسەر ژیانیشیان دروست دەبێت. بە گوێرەی ئامارێک لە 8 مانگی ساڵی رابردوو، 18 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە.
 
ئاراز حەمەدەمین یەکێکە لەو قوربانییانەی لە ساڵی 2015ـەوە بەڕێگەی نایاسایی و چوارجار بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا گەشتی کردووە، هەروەها بۆ ئامانجەکەی خانوو و ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە تاوەکو بگاتە ئەوروپا، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە رانیە و رۆژانە بە بڕە پارەیەکی کەم کرێکاری دەکات تاوەکو ئەو پارانەی بۆ ئەو رێگەیە قەرزی کردبوون، بیداتەوە کە بەشێکی زۆریان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بردراون. 
 
ئاراز حەمەدەمین دەڵێت، "ئەو رێگەیە کارەساتە، شوێنی مرۆڤایەتی نییە ئەوانە قاچاخچی نین، ئەوانە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، هەرچی هەم بووە لەو رێگایەدا لە دەستم داوە پارەیەکی زۆرم رۆیشتووە، فێڵیان لێکردووم، پارەم داوە بە خاچاخچی پارەکەی خواردووە."
 
بە گوێرەی ئامارەکان لەسێ ساڵی رابردوودا، نزیکەی 75 هەزار کەس بەڕێگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتان کۆچیان کردووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 16 هەزار کەسیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون، ئەمەش بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی کۆچبەران دەچێتە چوارچێوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
 
نەژاد حسێن، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لە دەزگای سیید باس لەوە دەکات، "جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و تاوانی بە قاچاخبردنی نایاسایی هەیە، بەڵام دەکرێت بە قاچاخبردن ببێت بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئەگەر هات و شەرت و مەرجەکانی دواتر هاتە ئاراوە."
 
ئەبووبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لەوبارەوە رایگەیاند، "لێرەوە بۆ تورکیا نەفەری کەسێک بووە کە دەگاتە خاکی تورکیا دەدرێت بە قاچاخچییەکی دیکە لەوێ دیسان جارێکی دیکە هاوبەشی دروست دەبێت لەگەڵ چەند قاچاخچییەک گرووپ کۆدەکەنەوە چەند نەفەرێک دەیدەن بە قاچاخچییەکی تر کە خاوەنی یەختە."
 
لە پەرلەمانی کوردستانیش بە یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2018 و لە دەستووری عێراق بە ماددەی 37ـی ساڵی 2005  بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە بەتاوان دانراوە کە بەقاچاخبردنی کۆچبەرانیش دەگرێتەوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا تەنیا لە 2023 تاوەکو مانگی ئاب، 18 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی جیا کۆچیان کردووە لەو ژمارەیە 3 هەزار کەسیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون و لە نێویشیاندا 6 کەسیان بێ سەروشوێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی یەکێتی

یەکێتی لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 60 بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 68 کەسی لە بازنەی پارێزگای هەولێر بۆ پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردووە. لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی ئەو حیزبە لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، دەکرێت گۆڕانکاری لە ژمارەکەدا بکرێت.