کۆمیسیۆن بۆ رووداو: زیاتر لە 27 هەزار کەس چاودێریی هەڵبژاردنی کەرکووک دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک دەڵێت، ''زیاتر لە 13 هەزار کەس لە رێکخراوەکان و 14 هەزار کەسیش لە لایەنە سیاسییەکان، چاودێریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکەن''.
 
بەشێک لە لایەنەکانی کەرکووک چاوەڕێی ئەوە بوون هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام دوێنێ (سێشەممە 12-12-2023) دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەو بابەتەی یەکلاییکردەوە و سکاڵای تایبەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی لەو پارێزگایە رەتکردەوە. بڕیارە هەڵبژاردنەکە دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
 
بەگوتەی عەلی زیاب، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک "لە کەرکووک 318 بنکەی دەنگدان هەن، کە هەزار و 889 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن و یەک ملیۆن و 153 هەزار و 927 کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە؛ کورد تێیدا بە پێنج لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات.
 
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە لە کەرکووک نەکراوە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەموو ئامادەکارییەکی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە و چەند جارێک تاقیکردنەوەی لەسەر ئامێرەکانی کردووە و ئامادەبوونی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دووپاتکردووەتەوە.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18ـی ئەم مانگە لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر هەن؛ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر دەنگدانی گشتی دەیانگرێتەوە؛ 1 ملیۆن و 2 هەزار و 393 دەنگدەریش دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە، لەنێویاندا 48 هەزار و 260 ئاوارە هەن.