سۆران عومەر: هەوڵ هەیە لە بودجەی ساڵی 2024دا کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت

13-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق – یونامی، پێشنیازی بۆ نێوەندگیری لەنێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان خستووەتە بەردەم هەردوولا و ئاماژە بەوەش دەکات، "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2024دا کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە 13-12-2023 سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق - یونامی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتییدا هەوڵێکی دەستپێکردووە و لەگەڵ لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و لە بەغداش کۆدەبێتەوە و نەخشەڕێگەی چارەسەرییان لێوەردەگرێت و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەش راوێژیان پێدەکات."
 
سۆران عومەر گوتیشی، "یونامی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئامادەیی بۆ هەردوولا دەربڕیووە تاوەکو ببێتە لایەنی سێیەم و ئەو کێشانەی لە بودجەی ساڵی 2023دا هەن لە بودجەی ساڵی 2024 دروست نەبنەوە. یونامی هەوڵدەدات هەردوولا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن."
 
قسەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەتەوە کە پێکهاتبوون لە لۆرەنس لیۆ، راوێژکاری باڵای کاروباری سیاسیی یونامی؛ عەزیز زێربوت، راوێژکاری سیاسی یونامی لە هەولێر و کاروان خۆشناو، بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی یونامی بۆ کاروباری سیاسی.
 
سۆران عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیان گوتووە ئەوان دەبوو پێشتر چاودێری رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیان بکردبا و گوتوویانە ئامادەن ببنە چاودێر بۆ هەر رێککەوتنێک کە لەبارەی بودجە و مووچەی ساڵی داهاتووەوە دەکرێت. 
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق لە 12ـى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ـى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەی پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت حکومەتی عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە