رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵی نوێ، چالاکی و ئاهەنگی جۆراوجۆر پایتەختی هەرێمی کوردستان رەنگاو رەنگتر دەکەن. ئەم ساڵ فێستیڤاڵی کریسمس بەڕێوەدەچێت و 60 چێشتخانە و کۆمپانیای تایبەت بە هاوردەکردنی خۆراک، خواردنەوە گازییەکان، مۆبایل و جلوبەرگ بەشدارییان کردووە.
لە فێستیڤاڵەکەدا کۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەکان بەشدارن. نەوشاد مەولوود، بەڕێوەبەری کارگەی شیرەمەنییە و دەڵێت، 24 بەرهەمی فرێشیان بردووەتە فێستیڤاڵەکە. محەممەد حوسنیش سەرپەرشتیاری چێشتخانەیەکە و پێی وایە ئەو فێستیڤاڵە دەرفەتێکی باشە بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و زانیاری.
زۆربەی ئەو کۆمپانیا و چێشتخانانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارییان کردووە براندی گەورەن و لقیان لە هەولێر هەیە، فێستیڤاڵەکە بە دەرفەتێک بۆ زیاتر خۆناساندنی بەرهەمەکانیان دەزانن.
سام مایکڵ، خاوەن کۆمپانیایە و دەڵێت، بۆ یەکەم جار دۆناتی ئیسپانییان هێناوەتە هەولێر. هەروەها بەرهەمەکانیان زۆربەیان ئەوروپین، بەڵام کارمەندەکانی کۆمپانیاکەیان خۆماڵین.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کۆمپانیای گراوێتی رێکخراوە، ئەمیر بابکەیی، بەڕێوەبەری دارایی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، بۆ ماوەی 20 رۆژ، رۆژانە لە کاژێر 05:00ـی ئێوارەوە بۆ 12:00ـی شەو فێستیڤاڵەکە بەردەوام دەبێت.
شەوانە چەندین چالاکیی جۆراوجۆری هونەری و کولتووری بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیاران لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ