پۆلیسی کەرکووک: هەر ناوەندێکی دەنگدان لە کەرکووک سێ بازنەی ئەمنیی دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەکانی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکانی عێراق لە سنووری قەرەهەنجیری پارێزگای کەرکووک، بۆ قسەکردن لەبارەی پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان و دابەشکردنی رۆڵی هێزەکانیان لە رۆژانی دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوە.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، فەرماندەکانی سوپا، هێزی پێشمەرگە و ئاسایش رۆژی سێشەممە لەبارەی پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان کۆبوونەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک گوتی، "هەر ناوەندێکی دەنگدان لە کەرکووک، سێ بازنەی ئەمنیی دەبێت، بازنەی یەکەم و دووەم هێزەکانی پۆلیسی کەرکووک دەبن، پاراستنی بازنەی سێیەم لە دوورەوە دەبێت و بەگوێرەی ناوچەکانی بەرپرسیاریەتییان دەکەوێتە ئەستۆی پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق، یاخود پێشمەرگە."
عامر نووری گوتی، "پێشمەرگە لە سنووری ناحیەکانی قەرەهەنجیر و شوان-ن، هەندێک ناوەندی دیکە سوپای عێراق و پێشمەرگە بە هاوبەشی دەبن. 16 ناوەندی دەنگدانیش هەن بە هاوبەشی دەبن لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی سەلاحەدین."
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوە کردەوە، 80٪ـی پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنی کەرکووک دەکەوێتە ئەستۆی پۆلیسی کەرکووک. لە دوێنێ سێشەممەوە هێزەکانی پۆلیس لە دەروبەری ناوەندەکانی دەنگدان بڵاوبوونەتەوە و ئەمڕۆش کەرەستەکانی هەڵبژاردن دەگەنە ناوەندەکانی دەنگدان، جگە لە کەرەستە هەستیارەکان کە ئێوارەی 16 مانگ دەگەن، رۆژی 17 مانگ دەنگدانی تایبەت و 18 مانگیش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت.
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد. ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە لە کەرکووک نەکراوە.