کۆڵبەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای 17 رۆژ لە برینداربوونی، گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان کە 17 رۆژ پێش ئێستا بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران بریندار کرابوو، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا. هەروەها بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری نەوسوود کۆڵبەرێک بریندار بووە.
 
ئەمرۆ چوارشەممە، 13-12-2023، حەبیب رەزایی، کۆڵبەرێکی تەمەن 52 ساڵانە و خەڵکی گوندی "عەلی یەعقووب"ـی شاری جوانڕۆیە کە پێشتر بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران بریندار کرابوو، پاش 17 رۆژ برینداری و مانەوە لە نەخۆشخانەی (تاڵەقانی)ـی کرماشان، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
ئەو کۆڵبەرە رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە سەختی بریندار کرابوو و بە گوێرەی زانیارییەکان، دوو گوللـەی بەرکەوتبوو کە ببووە هۆی ئەوەی بڕبڕەی پشتی بشکێت و تووشی خوێنبەربوونی زۆری ناوەکی ببێت.
 
ئەمڕۆ تەرمی حەبیب رەزایی گوازرایەوە نەخۆشخانەی جوانڕۆ و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم کۆڵبەرە لە گۆڕستانی "حاجی ئیبراهیم"ـی ئەو شارە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە، 11-12-2023، کۆڵبەرێک بە ناوی مەنسوور سلێمانی، تەمەن 36 ساڵان، خەڵکی گوندی "دنگی"ـی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری نەوسوود بریندار بوو.
 
 
بە پێی زانیارییە خۆجێیەکان، لە رووداوەکەدا قاچی راستی بە سەختی بریندار بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراوە.