رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدا و ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
شاندەکە ژمارەیەک کۆبوونەوەی هەبوو. رۆژی 13-12-2022 لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 400 ملیار دینار بۆ دوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی 2014 بنێرێت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پاڵپشت بە کارنامەی وەزاری کە هێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتوون و پەرلەمانی پەسندی کردووە، بەپێی بڕیاری (ژمارە 18ی ساڵی 2022) بە نووسراوی ژمارە (1/9.د.خ./س.1/18) لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە وەزارەتی دارایی 400 ملیار دینار خەرج بکات، ئەوەش وەک شایستەی هەرێمی کوردستان."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی نەوتی و نانەوتییە و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە بە هاوئاهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وربینی دەکرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی هەژماردنی داهاتی نەوتی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ