پارێزەرێک: ئەمڕۆ پێنج حوکمدراوەکەی شیلادزێ ئازاد دەکرێن

13-12-2022
نیشانەکردن حوکمدراوانی شیلادزێ
A+ A-
رووداو - هەولێر 

یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی حوکمدراوانی بادینان رایگەیاند، سەرجەم رێککارەکانی ئازادکردنی پێنج حوکمدراوەکەی شیلادزێ تەواوبوون و دوێنێ بەهۆی ئەوەی ئاسایش پێیگوتوون دەبێت چاو بە بابەتەکە بخشێننەوە و بەهۆی تەواوبوونی دەوامیان، ئازادکردنی گیراوەکانیان بۆ ئەمڕۆ دواخرا و بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بکرێن. 
 
رۆژی سێشەممە، 13-12-2022، رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە پارێزەرانی خۆبەخشی کەیسی حوکمدراوانی بادینان، لەبارەی ئازادکردنی پێنج حوکمدراوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرجەم رێککارەکانی ئازادکردنیان لە دادگە و چاکسازی تەواو بوون، بڕیار بوو دوێنێ دووشەممە ئازادبکرێن، بەڵام ئاسایش پێیانگوتین دەبێت تەماشای دۆسیەکە بکەین و دواتر ئازادبکرێن، بەڵام دواتر گوتیان دەوام تەواو بوو و بابەتەکە دەکەوێتە بەیانییەوە، واتە ئەمڕۆ سێشەممە، ئیدی ئەمڕۆ چاوەڕوانین ئازادبکرێن."
 
بەشدار حەسەن، پارێزەری حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان هەموو رێکارە کارگێرییەکانیان تەواوکردووە، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو و سزای خۆیان تەواوکردووە، بەڵام دوێنێ "ئاسایشی هەولێر بەبیانوی ئەوەی کە بەشی یاساییان دەوامیان تەواو بووە و ناتوانن بەڵێننامەکان وەربگرن، ئازادكردنیان دواخرا."
 
رۆژی دووشەممە، 16-5-2022، دادگەی دووی تاوانەكانی هەولێر، پێنج کەسی دانیشتووی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد کە نێوەڕاستی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی یەکی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو کەسانە دەرکرد.
 
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
 
- یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
- مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
- کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
- ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
- نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
 
رەمەزان ئەرتیسی گوتی، بەپێی رێکارە یاساییەکان، دەبووایە رۆژی، 9-12-2022، کۆڤان تاریق کە رۆژی، 9-12-2020، دەستگیرکراوە، ئازادبکرێت؛ هەروەها هەریەک لە نێچیرڤان بەدیع لە 10-12-2022 و ئەمجەد یوسف لە 13-12-2022 ئازاد بکرێن، چونکە یەکەمیان رۆژی 10-12-2020 و دووەمیشیان 13-12-2020 دەستگیرکرابوون.
 
لە ماددەی یەکی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003دا هاتووە: "هەرکەسێک بە دەست ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوە بگلێت بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان بە بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت."
 
هێمن بابان رەحیم  و نازەنین گۆران

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە