هەناری هەڵەبجە دوای بەریتانیا گەیشتە ئەڵمانیا

13-12-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
ئەو هەنارەی لە هەڵەبجەوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا، وێنەکان بۆ رووداو نێردراون
ئەو هەنارەی لە هەڵەبجەوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا، وێنەکان بۆ رووداو نێردراون
نیشانەکردن هەناری هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەناری هەڵەبجە لەژێر ناوی "هەناری کوردستان" دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات، پێشتر لە هەرێمی کوردستانەوە نێردرابوویە بەریتانیا و ئەمڕۆش 20 تۆن گەیشتووەتە ئەڵمانیا و بڕیاریشە سبەی 20 تۆنی دیکە بگاتە وڵاتی سوێد.
 
ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە بەراورد بە ساڵانی رابردوو خواستی زیاتری لەسەربوو، ئەمەش وایکرد کە خەڵکی لە بەریتانیاوە داوای هەناری شارەزوور و هەڵەبجە بکەن، هەر بۆیە یەکەم بارهەڵگری هەنار لە رۆژی 16-11 لە هەڵەبجەوە گەیشتە بەریتانیا و دوای گەیشتنیشی بۆ ماوەیەکی کەم هەنارەکە لەنێو بارهەڵگرەکەدا نەماو و بەسەر دووکان و مارکێتەکانی بەریتانیدا دابەشکرا. 
 
فەرهەنگ فەرەیدوون، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر دوو باری هەنار لە هەڵەبجەوە نێردرابوویە بەریتانیا و دوای ماوەیەکی کەمیش هەنارەکە فرۆشرا و دەشڵێت "ئەمڕۆ یەکەم باری هەنار لە هەڵەبجەوە بۆ ماوەی حەوت رۆژ گەیشتە ئەڵمانیا و بڕیاریشە سبەی بارێکی دیکەی هەنار بگاتە وڵاتی سوێد."
 
پێشتر کوردێکی دانیشتووی شاری مانچستەری بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند بوو کە "زۆر کەس حەزیان لە هەناری هەڵەبجەیە و بۆیە بۆ دووکانەکان هەنار دەبەن." کوردێکی دیکەش رایگەیاندبوو کە رێگەیەکی زۆری بڕیوە و "بە شانازییەوە هەناری هەڵەبجە لە دووکانەکانی بەریتانیا دەفرۆشین."

 

 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناری کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە تاوەکو ئێستا 80 تۆن هەناریان رەوانەی دەرەوەی وڵات کردووە و 60 تۆنیان گەیشتووەتە شوێنی مەبەست.
 
"نرخی هەناری هەڵەبجە لە بازاڕدا 500 دینار بەرزبووەتەوە"
 
فەرهەنگ فەرەیدوون لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: قسەمان لەگەڵ ستار مەجید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە کردووە و گوتویەتی کە دوای ئەوەی هەناری هەڵەبجە و شارەزوور نێردراوەتە دەرەوەی وڵات "ئێستا کیلۆی هەر هەنارێک لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان 500 دیناری هاتووتە سەر و لە چاو هەناری دیکەی وڵاتان نرخی گرانتربووە. ئەمەش وا دەکات کە بەرهەمی ناوخۆ زیاتر گرنگی پێبدرێت و باشتر لە بازاڕدا ساخ بێتەوە و خواستی لەسەر بێت."
 
"نرخی کیلۆیەک هەناری هەڵەبجە بە 3 بۆ 4 یۆرۆ لە ئەڵمانیا دەفرۆشرێت"

 

ئەو هەنارەی لە هەڵەبجەوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا، وێنەکان بۆ رووداو نێردراون
 
فەرهەنگ فەرەیدوون، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناری کوردستان سەبارەت بە نرخی ئەو هەنارەی ئێستا گەیشتووەتە ئەڵمانیا دەڵێت " ئێستا یەک کیلۆ هەناری هەناری کوردستان لە ئەڵمانیا بە 3 بۆ 4 یۆرۆ دەفرۆشرێت، بەڵام ئەگەر بێت و کەسێک چەند کارتۆنێک بکڕێت نرخەکەی هەرزانترە."
 
دەشڵێت "خواستێکی زۆر لەسەر هەناری هەڵەبجە هەیە و خەڵک بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەیشتنی هەنارەکەیان کردووە و رێژەیەکی زۆری هەنارەکە فرۆشراوە."
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناری کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو هەنارانە هاوردەی دەرەوەی وڵات دەکەن و دەشڵێت "تەنیا ئێمە وەک کۆمپانیای هەناری کوردستان دەتوانین ئەو هەنارە ببەینە دەرەوەی وڵات و رێگە بە هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نادرێت هەناری کوردستان رەوانەی دەرەوەی وڵات بکات. ئەمەش وەکو براندێکە بۆ کۆمپانیاکەمان."
 
دوای هەنار، بنێشت، شەربەتی هەنار، خەیار و باینجانی کوردی دەنێرینە دەرەوەی وڵات
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناری کوردستان دەڵێت، ئێمە لە هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی بەردەوام دەبین و بڕیاریشە دوای هەناردەکردنی هەنار، بنێشتی کوردی، شەربەتی هەنار، خەیار، باینجان و چەند بەرهەمێکی دیکە هەناردەی دەرەوەی وڵات بکەین. " ئەمەش لەپێناو ناساندنی زیاتری بەرهەمی خۆماڵی بە دەرەوەی وڵات."
 
ئەو هەنارەی لە هەڵەبجەوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا، وێنەکان بۆ رووداو نێردراون
 
ئەمساڵ شەشەمین فیستیڤاڵى هەنار و پاییزى هەڵەبجە بە بەشداریی نزیکەی 600 جووتیار و خاوەن بەرهەم بە زیاتر لە 150 جۆر بەروبوومەوە بەڕێوەچوو. هەر کەپرێک بایی ملیۆنێک بۆ سێ ملیۆن دینار تەنیا هەناریان فرۆشتووە و وا دەخەمڵێنرێت کە داهاتی هەموو بەرهەمەکانی سێ رۆژی فیستیڤاڵەکە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بێت.
 
فیستیڤاڵەکە لە رۆژی 2020/10/29ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی 2020/10/31 بەردەوام بوو. ئەمساڵ بۆ یەکەمجار وەزارەتى کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە فیستیڤاڵەکەدا هاوکاریی تۆڕى رێکخراوەکانى هەڵەبجەى کرد. هەروەها لە شاری هەولێریش بۆ دووەم ساڵ فیستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچوو و جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجەش بەرهەمەکانی لەو فیستیڤاڵە نمایش کرد و لەنێویشیاندا هەنار. 
 
بەپێى ئامارەکانى کشتوکاڵ، ئەگەر قەدەخەکردنى هاوردە بەردەوام بێت و سەوزە و میوەى قاچاخ نەمێنێت، هەرێمى کوردستان لە زۆرینەى بەروبوومى کشتوکاڵیدا بەشى خۆژیێنیی هەیە.
 
لە سنووری هەڵەبجە 20 بۆ 26 جۆری هەنار هەیە، ئەمساڵ لەڕێگەی وەبەرهێنەر و بازرگانان لە هەرێمی کوردستانەوە دەستکرا بە هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. 
 
پێشتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو، "لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی هەناردا، هاوردەکردنی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، هەماهەنگییان لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە بۆ هەناردەکردنی هەنار بۆ دەرەوەی وڵات.
 
هەروەها حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو کە "ساڵانە 25 - 30 هەزار تۆن هەناری خۆمان دەهێندرێتە عەلوەکان، هەناری زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆمان هەیە و بەهۆی ئەوەوە نرخی دادەبەزێت و بەشێکی هەناردەی شارەکانی عێراقیش دەکرێت".
 
هەناری هەڵەبجە سنووری شەش وڵات دەبڕێت و دەگاتە ئەڵمانیا
 
ئەو هەنارەی کە هەناردەی ئەڵمانیا کراوە، سەرەتا لە هەڵەبجەوە گەیێندراوەتە تورکیا و دواتر بە سنوورەکانی بولگاریا، رۆمانیا، ھەنگاریا، نەمسادا رۆیشتووە و دواتر گەیشتووەتە ئەڵمانیا. 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا فەرهەنگ فەرەیدوون ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان چیدیکە نایانەوێت کە هەڵەبجە بە کیماباران و ناخۆشییەکان ناوی بهێنرێت، بەڵکو وا بکەن لەڕێگەی هەناردەکردنی هەنار و بەرهەمی دیکەی خۆماڵی ناوبانگ دەربکەن و زیاتریش کوردستان بە جیهان بناسێنن.

 

ئەو هەنارەی لە هەڵەبجەوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا، وێنەکان بۆ رووداو نێردراون

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی: هەر کەسێک لە پشتیەوە بێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەوڵی "تیرۆرکردن"ـی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن".