وەزارەتی ناوخۆ: حەشدی شەعبی ئاگاداری دروستکردنی هێزێکی کوردی سەر بە ئەوان نییە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دروستکردنی هێزێکی حەشدی شەعبی کوردی لە کەرکووک بڵاوکردەوە و دەڵێت، پەیوەندیمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە و گوتویانە "ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە كەركووک و ئەگەر هیچ هەنگاوێكێش هاوێژرابێت لەلایەن سەرۆكایەتی دەستەكەیانەوە هەڵدەوەشێتەوە."
 
لە کەرکووک هێزێکی کوردی دروستکراوە و دەڵێن سەر بە حەشدی شەعبین. بارەگاکەی لە گوندی چەخماخەی دوبزە و 150 گەنجی کورد لەخۆدەگرێت، فەرماندەکەی جەبار غازییە کە پێشتر فەرماندەی هەواڵگریی پێشمەرگە بوو لە دوبز. 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 13-12-2020 روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەبارەی بڵابوونەوەی هەواڵێك لە دەزگاکانی راگەیاندن سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی ‌‌چەكداری كورد لە پارێزگای كەركووك كە سەر بە حەشدی شەعبی بێت، بە رای گشتی رادەگەیێنین كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە.
 
لە بەشێکی روونکردنەوەکەدا وەزارەتی ناوخۆی ئاماژە بەوە دەدات کە قسەیان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کردووە و رایدەگەیێنێت "دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتیکردەوە كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت و ئەوان ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركووک."
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گوتویانە کە ئەوان بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن و "ئەگەر هیچ هەنگاوێك بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە هاوێژرابێت، ئەوا لە لایەن سەرۆكایەتی دەستەكەیانەوە کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی."
 
جه‌بار غازی، فه‌رماندی فه‌وجی حه‌شدی كوردی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگه‌یاندبوو کە "فەوجەکە مووچه‌، چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازی و فه‌رمان له‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌رده‌گرن."
 
دەقی راگەیێندراوەکە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
 
لەبارەی بڵابوونەوەی هەواڵێك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی ‌‌چەكداری كورد لە پارێزگای كەركووك كە سەر بە حەشدی شەعبی بێت، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە.
 
لە وەڵامی بەدواداچوونی ئێمەدا، دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی کردەوە كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت و ئەوان ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركووک  و لە لایەن خۆشیانەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن وئەگەر هیچ هەنگاوێكێش هاوێژرابێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە، ئەوا لە لایەن سەرۆكایەتی دەستەكەیانەوە کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
 
وەزارەتی ناوخۆی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
هەولێر
13/12/2020