ڤیدیۆ.. لە کەرکووک سەگ پەلاماری کوڕێکی 5 ساڵان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
چەند خولەکێک بەر لەوەی سەگەکان پەلاماری بدەن، لە کامێرای چاودێرییەوە دەردەکەوێت کە سیراجی تەمەن 5 ساڵان لەگەڵ ژمارەیەک سەگ دا یاریی دەکات.
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 06:20 خولەکی ئێوارەی رۆژی سێشەممە لەنێو پڕۆژەی مەرجان ستی لە کەرکووک روویداوە. بەپێی گێڕانەوەکان، سێ سەگی بێلانە پەلاماری سیراج وەحید غازییان داوە و برینداریان کردووە.
ئەو منداڵە 5 ساڵانە بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانەی ئازادی، بەڵام بەهۆی سەختیی ئەو برینەی کە لە ملیدابوو، دڵی لە لێدان کەوت.
باوکی سیراج کاتێک فریاکەوتووە دەرودراوسێ منداڵەکەیان لە دەم سەگەکان کردووەتەوە، بەڵام خوێنی زۆری لەبەر رۆیشتبوو.
وەحید غازی لەکاتی بەڕێکردنی تەرمی منداڵەکەی بۆ گۆڕستان بە رووداوی راگەیاند، "دراوسێکان وەستا بوون، سێ لە دراوسێکانم بینی، گوتم خێرە خۆ هیچ نەبووە، گوتیان 'ئەم منداڵە کەوتووە و نازانین کێیە'، من خۆم زوو بەهاناوە دەچم، زۆربەی کەس دەزانن من لە هەر کێشەیەکدا بەهاناوەچوونم هەیە، هەڵمگرت و کردمە باوەشم و تەماشام کرد، ئەوها وەک نوستوو وابوو، جوان تەماشام کرد، بینیم منداڵەکەی خۆمە".
کاتێک چوومە شوێنی رووداوەکە، هێشتا پێڵاوەکانی سیراج هەڵنەگیرابوونەوە، پووری سیراج پێی گوتم، "ئەم خێزانە منداڵێکی دیکەشیان هەیە، دایکی سەرقاڵی خوێندن بووە لەگەڵ منداڵە گەورەکەی، ئەم منداڵەیان بەبێ ئاگاداری هاتووەتە دەرەوە و ئەو کارەساتەی بەسەرداهاتووە".
ئامال فەیزوڵڵا، پووری سیراجە؛ ئەو دەڵێت: سیراج خۆشەویستییەکی زۆری بۆ سەگ هەبوو، هەرکاتێک سەگی دەبینی بەرەوپیریی دەڕۆیشت. داوای سەگی بچووکی دەکرد بۆی بهێنن، بەڵام نەیزانیوە پەلاماری دەدەن.
تەنیا لە ئەم ساڵدا ئەمە دەیەم رووداوی پەلاماردانی سەگی بێلانەیە کە لە کەرکووک تۆمارکراون و لە دووان لەو رووداوانەدا گیانلەدەستدان هەبووە.