سبەی دانیشتنی کۆتایی دادگە بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەی کوشتنی دوو بنەماڵەی دهۆک، لە مێردین بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی لە شاری مێردین لە کوردستانی باکوور، دانیشتنی کۆتایی بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەی کوشتنی پێنج ئەندامی دوو بنەماڵەی خەڵکی دهۆک، بەڕێوەدەچێت. 

 
هەوار جەلالەدین،  کچ و خوشکی دوو لە قوربانیانی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەماوەی ساڵێک و 10 مانگ، شەش دانیشتنی دادگە بەڕێوەچووە. سبەی دانیشتنی حەوتەم و کۆتایی لە دادگەی سزا قورسەکان لە مێردین بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکەین، بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەوە بدرێت."
 
شەوی 19ـی ئاداری 2023، لەسەر رێگەی نوسێبین بۆ مێردین هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی دوو خێزانی باشووری کوردستان کە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، چووبوونە تورکیا. چوار لە سەرنشینانی نێو ئوتۆمبێلەکە کە پیاوێک و سێ ژن بوون، هەر لەو شوێنە  گیانیان لەدەستدا؛ کەسێکی دیکە بە ناوی (مەلا ئەحمەد جەلالەدین) بە برینداری گواسترایەوە نەخۆشخانەی ئەلازیغ و رۆژی دواتر ئەویش گیانی لە دەست دا.
 
بەیانی لەسەر ئەو دۆسیەیە پێنج کەس دادگەیی دەکرێن، دوو کەسیان بە ناوەکانی عەبدوڵڵا کاپلان و فارس ئاکسەڤەن، تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکەن. سێ کەسی دیکە کە یەکێکیان ژنە، بە دابینکردنی چەک، فیشەک و ئۆتۆمبێل بە یارمەتیدانی بکەرانی تاوانەکە تۆمەتبارکراون.
 
لەو رووداوەدا پێنج کەس بە ناوەکانی، مەلا ئەحمەد جەلالەدین، دایکی بە ناوی (وەحیدە حەیدەر)، حاجی عەبدوڵڵا، هاوژینی و کچەکەی گیانیان لەدەستدا. هەوار جەلالەدین گوتی ئەوان وەکو بنەماڵەی قوربانییان داوا دەکەن تاوانبارەکان سزای خۆیان وەربگرن و هۆکارەکانی پشت ئەم رووداوەش ئاشکرا بکرێن.