نەوەی نوێ: داوای پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، ''بۆ پێکهێنانی حکومەت پڕۆژەکەمان ئەوەیە یان سەرۆکوەزیران لە پشکی ئێمە بێت، یان ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەیە، دەستبەرداری سەرجەم پۆستەکانی دیکە ببێت." گوتیشی، هیچ کام لە لایەنەکان رەتیان نەکردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 13-11-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
جیا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سلێمانی، سەردانی جووڵانەوەی نەوەی نوێی کرد؛ دوای کۆبوونەوەیان، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''باسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و رێگرییەکانی بەردەم ناردنی مووچە کرا.''
بەگوتەی شاسوار عەبدولواحید، سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە، ''ئینشاڵڵا ئەو کێشانە [ ناردنی مووچە] لە داهاتوودا بەپێی ئەو پلانەی دانراوە چارەسەر دەکرێن.''
''داوای پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەین''
20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی، نەوەی نوێ دوای پارتی و یەکێتی، حیزبی سێیەمە و 15 کورسی بەدەستهێناوە. سەرۆکی جووڵانەوەکە گوتی: ''پڕۆژەکەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەوەیە یان نەوەی نوێ داوای پۆستی سەرۆکوەزیران دەکات، یان ئەو لایەنەی کە پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەیە، دەستبەرداری تەواوی پۆستەکانی دیکە ببێت.''
وەک شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ کامە لە لایەنەکان پڕۆژە و داواکەی نەوەی نوێیان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت رەتنەکردووەتەوە.
هەر یەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی شاندەکانیانەوە، بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردانی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. شاسوار عەبدولواحید گوتی: ''با پارتی و یەکێتی خۆیان حکومەت پێکبهێنن، ئەگەر پێکیان نەهێنا و پێویستییان بە نەوەی نوێ هەبوو، ئێمە ئەم داواکاری و مەرجەمان هەیە و پێویستە گۆڕانکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکرێت.''
داوای نەوەی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەکاتێکدایە پارتی جەخت لە شایستەی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان وەکو پێوەرێک بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە. سەرۆکی جووڵانەوەکە گوتی: ''تاوەکو ئێستا پارتیش پڕۆژەکەمانی رەتنەکردووەتەوە، ئێمە داوای وەزارەتمان نەکردووە کە باسی شایستەی هەڵبژاردن بکرێت. بەڵام [بۆ بەشداریکردن] ئەو مەرج و داواکارییانەمان هەن.''
بەگوتەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە، ''گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوایی بۆ بگەڕێتەوە و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت. باشتر وایە هەموو ئەو لایەنانەی کە براوەن، بە مەرج و داواکاریی خۆیانەوە بەشداریی حکومەت بکەن.''
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەممەد شیاع سوودانى سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد، سەرەتا لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانى، سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێمى کوردستان و چەند لایەنێکى سیاسی کۆبووەوە. دواتر چووە سلێمانی و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی سلێمانیش کۆبووەوە.
بەگشتی مووچە، نەوت، پێکهێنانى حکومەت و دۆخى ناوچەکە، گرنگترین ئەو پرسانە بوون کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.