رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ زیندانییەک لە کاتی گواستنەوەیدا لە رێگەی نێوان کەلار - سلێمانی، لە دەست هێزەکانی پۆلیس رایکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی تشرینی دووەم، عەقید عەلی قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "زیندانییەکە لە سنووری ناحیەی زەڕایەن رایکردووە و تائێستا دەستگیرنەکراوەتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئەو زیندانییە پێشتر لە زیندانی کۆیە راگیراو بووە، بەوپێیەی لەلایەن پۆلیسی گەرمیانەوە داواکراو بووە، هەر بۆیە مەفرەزەیەکی پۆلیسی کۆیە هێناویانەتە سلێمانی و لەوێ رادەستی مەفرەزەکانی ئێمەیان کردووە و لە رێگادا رایکردووە."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، "زیندانییەکە بە تۆمەتی فێڵکردن دەستگیرکراوە."
بە گوتەی عەقید عەلی قدووری، "سەرجەم بازگەکان ئاگادارکراونەتەوە و ئاگاداریش بۆ پۆلیسی سلێمانی نێردراوە، سەرجەم پۆلیسەکانی نێو ئەو مەفرەزەیەش کە زیندانییەکەیان گواستووەتەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و کەمتەرخەمەکان سزا دەدرێن."
رۆژی 30-10-2024 بەندکراوێکی چاکسازیی گەورانی سلێمانی لە کاتی چاوپێکەوتنی حوکمدراوان، برایەکی لە جێگەی خۆی دانا و هەڵات.
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندووە، لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لە رووداوەکە پێکهێندراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئەمڕۆ ئەو زیندانییە دەستگیر نەکراوەتەوە، کە دوو سزای لە سێدارەدانی هەبووە.
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن و بەگشتی زیاتر لە 5000 هەزار کەس تێیاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ