رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق جەخت لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێک دەکەنەوە کە وهڵامگۆی خواستەکانی خەڵک و ئامانجەکانیان بێت لە گەشەپێدان و سەقامگیری.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازیی لە (چوارشەممە، 13-11-2024) لهگهڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی فهرهنسا لهگهڵ عێراق و ههرێمی کوردستان، هەروەها ههنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیان، تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە ڕێژهی بهرزی بەشداریکردن کرد "کە گرنگیدانی هاووڵاتییان بە داهاتووی هەرێمی کوردستان، دەردەخات."
هەردوولا میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد و لەمبارەیەوە، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "جەختیان لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێک کردەوە، کە وهڵامگۆی خواستەکانی خەڵک و ئامانجەکانیان بێت لە گەشەپێدان و سەقامگیری."
بهڕێز باڵیۆزی فەرەنسا جەختی لە بهردهوامیی پابەندیی وڵاتەکەی له یارمهتیدان و پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان، کردەوە. سهرۆکی ههرێمی کوردستانیش سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسای بۆ پرسەکانی عێراق و ههرێمی کوردستان، دووپات کردهوه.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لەدژی حەماس و حیزبوڵڵا لەلایەک و هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە ئاڵۆزە. ئەمەش بەشێکی بابەتی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی و پاتریک دۆرێل بوو، کە هەردوولا "جەختیان لەسەر گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە و پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی عێراق، کردەوە. ههروهها لەسەر گرنگیی هاریکاریی هاوبهش بۆ ڕێگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، هاوڕا بوون."
دۆخی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و چەندین بابەتی دیکەی جێی بایهخی هاوبەش، لایەنێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون کە کونسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ