لە 7 ساڵدا 6 گەڕەک بۆ عەرەب لە کەرکووک دروستکراون؛ لایەنە کوردستانییەکان داواکارییان هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا شەش گەڕەکی نوێی عەرەبی لە کەرکووک دروستکراون، دانیشتووانەکەی لە پارێزگاکانی دیالە، نەینەوا و سەلاحەدینەوە چوون و پسوڵەی خۆراک و کارتی نیشتمانییان لەسەر کەرکووکە. 
 
بەشێک لە دانیشتووانی ئەو شەش گەڕەکە لە ترسی داعش لە پارێزگاکانی خۆیان ئاوارەبوون و بەشێکی دیکەشیان ئیدارەی پێشووی کەرکووک هاوکار و پاڵپشتیان بوون تا لە کەرکووک نیشتەجێ ببن. 
 
هێنان و نیشتەجێکردنی دەیان خێزانی عەرەب لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ کەرکووک پارت و لایەنە کوردستانییەکانی لە رۆژی چوارشەممە کۆکردەوە. گرنگیی سەرژمێری و بەشداریکردنی کورد، چاودێریکردنی پرۆسەکە و پاراستنی دیموگرافیای کەرکووک تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون. 
 
شوان محەممەد، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حیزبی زەحمەتکێشان بە رووداوی راگەیاند، "لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی هەموو ئەو رێکارانەمان کرد کە حیزبە کوردستانییەکان پێیان وابوو دەبێت لە رۆژانی پرۆسەکە و رۆژانی دواتری رەچاو بکرێن، هەروەها داوا لە تەواوی هاونیشتمانییانی پارێزگای کەرکووک دەکەین لە هەر شوێنێکن لە رۆژی سەرژمێری بێنەوە پارێزگاکەی خۆیان و بەشداری لە سەرژمێریدا بکەن."
 
لەسەر پرسی سەرژمێری و سەرخستنی پرۆسەکە، حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک هەموویان هاوڕابوون و بە یەک دەنگ داوایان لە خەڵکی کەرکووک کرد لە رۆژانی سەرژمێریدا لە شارەکە ئامادەبن. 
 
حەسەن مەجید، بەرپرسی رێکخستنی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "بە شک و گومانەوە تەماشای بابەتەکانمان دەکرد لەسەر کۆمەڵێک هۆکاری پەیوەست بە تەعریب، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە کۆمەڵێک بڕیاری باش دراون لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و ئەگەر ئەو خاڵانە جێبەجێ بکرێت، پێموایە ئەو مەترسییەی کە هەمانە بەشێکی بڕەوێتەوە." 
 
دوای دەیان ساڵ پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق ئەنجام دەدرێت، پرۆسەیەک کە بۆ کورد، کەرکووک و ناسنامەکەی گرنگیی خۆی هەیە.